جام کوردی - هەڵگەڕانەوەی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ لە چەند کاتژمێرێکدا لە هەڕەشەی "درێژنەکردنەوەی ئاگربەست"ەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنە، نیشانەیەکی ڕوونە بۆ بنبەستێک لە حیساباتەکانی واشنتۆندا. ئێران بە داواکردنی لابردنی گەمارۆی دەریایی گۆڕەپانی یارییەکەی گۆڕیوە و لە هەمان کاتدا بە هۆشداریدان لە ئاسایشی بەرهەمهێنانی نەوت، چووەتە قۆناغێکی نوێ لە هاوکێشەی وزە و ئەمنیەتی ناوچەکەدا.

چیتر ناتوانرێت پێشهاتەکانی ئەم دواییە بە زاراوەی بێلایەن ڕوون بکرێتەوە. ئەوەی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ڕوویدا، گۆڕانکارییەکی دیپلۆماسی ئاسایی نەبوو؛ بەڵکو نیشانەیەکی ڕوون بوو بۆ بنبەستێک لە حیساباتە ستراتیژییەکانی واشنتۆندا. سەرۆکی ئەمریکا بە ڕوونی ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ئێران بەشداری دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد نەکات، ئاگربەست درێژ ناکرێتەوە. بەڵام تەنها چەند کاتژمێرێک دواتر، کاتێک تاران نەک هەر پاشەکشەی نەکرد بەڵکو جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردەوە، ترەمپ باسی لە “راگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنە” کرد. ئەگەر ئەم وەرچەرخانە لەناکاوە ناوی نەنرێت پاشەکشە، ئەوا چییە؟

لە هاوکێشەی هێزدا هەڕەشەیەک کە بە خێرایی ئەنجام نەدرێت دەبێتە نیشانەی لاوازی. ئەمریکا هەڕەشەی کرد، بەڵام نەیتوانی جێبەجێی بکات؛ و ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە هاوسەنگی دەروونی و سیاسی تێکدەدات. لەوەش گرنگتر، ئێران بەشێوەیەکی کاریگەر گۆڕەپانی یارییەکەی گۆڕیوە بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی “گەمارۆ دەریایی” کە بە پێشێلکارییەکی ڕوونی ئاگربەست دەزانێت، بەشداری هیچ دانوستانێک ناکات. ئەم هەڵوێستە تۆپەکەی فڕێداوەتە ناو یاریگای واشنتۆن و لە دۆخێکی لێپرسینەوەدا داناوە: یان دەبێت لە ئامرازەکانی فشار بکشێتەوە یان تێچووی چەقبەستوویەکی وەرینی قبوڵ بکات.

لەم نێوەندەدا پێداچوونەوە بە لێدوانەکانی پێشووی بەرپرسانی ئەمریکا وێنەیەکی ڕوونتر دەخاتە ڕوو. باسیان لە “جەنگێکی کورت و خێرا و پاک” کردبوو؛ دەستەواژەیەک کە ئەمڕۆ دوای پەنجا ڕۆژی نامۆ لە ململانێی سەربازی و هەڕەشە و گەمارۆدان، لە هەموو کاتێک زیاتر لە واقیع دوورە. شەڕەکە نە کورت بوو، نە بە خێرایی بەرەوپێشچوو، نە بە “پاک” مایەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی واشنتۆن بۆ دەسەڵاتی خۆی و توانای وەڵامدانەوەی ئێران، کەموکوڕییەکی جددی تێدابوو. دەرئەنجامی هەڵەیەکی لەو شێوەیە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە نییە، بەڵکو گیربوونە لە دۆخێکی وەرینی زەویدا کە تادێت دەربازبوون لێی قورستر دەبێت و بووەتە سەرسوڕهێنەرێکی گەورە.

هەروەها دەتوانرێت لەم چوارچێوەیەدا گۆڕانکاری لە ئامرازی سەربازییەوە بۆ فشاری ئابووری لێکبدرێتەوە. گرنگیدان بە بەئامانجگرتنی خوێنبەرەکانی هەناردەکردنی ئێران، لەوانەش گەمارۆی دەریایی، ئەوە نیشان دەدات کە بژاردەی سەربازی یان گەیشتووەتە بنبەست یان بەو شێوەیە کاریگەر نەبووە کە چاوەڕوان دەکرا. کاتێک "دەسەڵاتی سەخت" شکست دەهێنێت، جێگەی خۆی دەداتەوە بە "فشاری ئابووری"؛ بەڵام ئەم گۆڕانکارییە زیاتر ڕەنگدانەوەی سنووردارکردنە نەک نیشانەی باڵادەستی.

لە لایەکی دیکەوە، ستراتیژییەکانی ئێرانیش بەگوێرەی گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و مەیدانی گۆڕانکاریی نوێی بەخۆیەوە بینیوە. فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، لە پەیامێکدا هۆشداری دا کە ئەگەر وڵاتانی باشووری کەنداوی فارس ڕێگە بدەن خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، ئەوا دەبێت “ماڵئاوایی لە بەرهەمهێنانی نەوت بکەن”. ئەم قسانە تەنیا هەڕەشەیەکی زارەکی نین؛ بەڵکو نیشانەی گۆڕانکارییە لە دوکتۆرینی سەربازی نوێی ئێران کە بەکارهێنانی ئامرازە سەربازییەکان لە هەموو کاتێک زیاتر تێچووی زیاتری بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات. بە واتایەکی تر، ئەگەر پێشتر گرنگی بە بەڕێوەبردنی ڕێگاکانی گواستنەوەی نەوت بوو، بەتایبەتی لە ڕێڕەوەکانی وەک گەرووی هورمز، ئێستا باس لە لابردنی ژێرخانی بەرهەمهێنان لە بازنەی چالاکییەکان دەکرێت.

گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە هاوکێشەی ئەمنی ناوچەکە بە شێوەیەکی جددی ئاڵۆز دەکات. هەرچەشنە پچڕانێک لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کەنداوی فارس نەک هەر قەیرانێکی ناوچەیی، بەڵکو شۆکێکی جیهانیش دەبێت. بازاڕی وزە کە پێشتر هەستیار بوو بەرامبەر بە نائەمنی لە ڕێگاکانی گواستنەوەدا، کاردانەوەی زۆر توندتری دەبێت بەرامبەر بە هەڕەشەکانی سەر ژێرخانی بەرهەمهێنان چونکە کردنەوەی ترانزێتی وزە بڕیارێکی تەواو سیاسییە، بەڵام دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوە بەرهەمهێنانەکان، تەنانەت لە کاتی ئاشتیشدا، پێویستی بە وەبەرهێنانی گەورە و چەند مانگێک کات هەیە. بەرزبوونەوەی نرخەکان، ناسەقامگیری لە دابینکردندا و فشارەکان لەسەر ئابوورییە وابەستە بە وزە تەنها هەندێک لە دەرئەنجامەکانی سیناریۆیەکی لەو شێوەیەن.

لەم نێوەندەدا ڕۆڵی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانیش بەرچاوە. وڵاتانی وەک ڕووسیا، چین و نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئەکتەرە ئەوروپییەکان بەردەوامن لە مامەڵەکردن بە وریاییەوە و بە کردەوە چاودێری مەیدانەکە دەکەن نەک ڕێوشوێنی کاریگەر بگرنەبەر. ئەم ئەکتەرانە تا ئێستا نەیانتوانیوە یان ئامادە نەبوون ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن لە کەمکردنەوەی گرژییەکان. ئەم پاسیڤیەتی ڕێژەیی بە کردەوە مەیدانی کراوەیی بۆ درێژەدان بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە کراوەیی هێشتۆتەوە، کە بە شێوەیەکی سروشتی هەڕەشەی جیددی بۆ سەر بەرژەوەندیی ئەکتەرە جیهانییەکان دروست دەکات.

دەرئەنجامی ئەم پێشهاتانە ڕوونە: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانیان نەگەیشتوون و ئێرانیش توانیویەتی ڕێگری لە وەدیهاتنی ئەو ئامانجانە بکات. ئەمەش لانیکەم بە مانای "سودێکی ڕێژەیی" دێت بۆ ئەو لایەنەی کە لە پێگەی بەرگریدا بووە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ شاهیدی دەدەین سەرکەوتنێکی کۆتایی نییە، بەڵکو وەستانێکی ناجێگیرە لە ناوەڕاستی کێبڕکێیەکی وەرچەرخاندا.

ئاگربەستێک کە بە هەڕەشە دەستی پێکرد و بە ڕاگەیاندنی تاکلایەنە کۆتایی هات، زیاتر ڕەنگدانەوەی چەقبەستوویی لە بڕیارداندایە نەک نیشانەی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە. وە لەم نێوەندەدا ناتوانرێت یەک ڕاستی پشتگوێ بخرێت: کاتێک هەڕەشەکان ئەنجام نادرێن و بە وەرچەرخانی کتوپڕ جێگەیان دەگرێتەوە، هاوکێشەی دەسەڵات گۆڕاوە بە زیانی هەڕەشە سازەکە، لانیکەم بۆ ئەم ساتەوەختە.

سەرەڕای ئەوەش مەترسی سەرەکی هەر ماوە. ئەو قەیرانانەی کە بەبێ چارەسەری ڕیشەیی دەمێننەوە نەک کۆتایی نایەت، بەڵکو لە کاتی گەڕانەوەیان ئاڵۆزتر و تێچووی زۆرتر دەردەکەون. ئێستا ناوچەکە لە خاڵێکدادایە کە هەر حیسابێکی هەڵە دەتوانێت لە ئاگربەستێکی ناسکەوە بەرەو قەیرانێکی فراوانتر و کۆنترۆڵنەکراو ببات؛ قەیرانێک کە نەک تەنها کاریگەری لەسەر ئەکتەرە ناوچەییەکان دەبێت بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی سیستەمی ئابووری جیهانیش دەبێت.