جام کوردی - نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەننا ڕەخنەی لە ڕێبازی "دژبەیەک و ناتەبای" واشنتۆن لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا گرت و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕەفتارانە پرۆسەی دیپلۆماسییان تێکداوە و بووەتە هۆی دواکەوتنی دانوستانەکانی ئاشتی.

“میخائیل ئولیانۆف” نوێنەری ڕووسیا لە ڤیەننا ئەمڕۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیای ئێکس نووسیویەتی: خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ٢٢ی نیسان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەناچێت، وا دیارە گفتوگۆکان بە باشی هەماهەنگ و ڕێکخراو نەبوون.

ئولیانۆڤ بە ئاماژەدان بە لێدوانە دژبەیەکەکان و پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانی ئەمریکا لە کەشوهەوای شەڕ و دانوستان سەبارەت بە ئێران کە بووەتە هۆی لاوازبوونی پرۆسەی دیپلۆماسی نێوان هەردوولا، وتی: “زۆر لێدوانی بەپەلە و دژبەیەک لە ئەمریکاوە هەیە”.

شایانی باسە شەوی سێشەممە لە سەروبەندی کۆتایی هاتنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئێران و ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە ئاگربەستەکە درێژ دەکرێتەوە و لە هەمان کاتدا درێژە بە گەمارۆی دەریایی ئێران دەدات، هەروەها ڕایگەیاند کە ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت تا ئێران وەڵامی پێشنیارەکەی ئەمریکا دەداتەوە.

شایانی باسە، لە کاردانەوە بە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێڕای بەرز نرخاندنی هەوڵە نێوەندگیرییەکانی پاکستان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی سەپێنراو و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوە کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێشخەری ئەم شەڕە سەپێنراوە نەبووە، و هەموو کردەوەکانی ئێران هاوتەریب لەگەڵ مافی سروشتی ئێران ئەنجامدراون بۆ بەرگری ڕەوا لە بەرامبەر دەستدرێژی سەربازی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی. بەم پێیە کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای چاودێری وردی پەرەسەندنەکانی مەیدان و گۆڕەپانی سیاسی، ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئاسایشی نەتەوەیی دەگرێتەبەر و هێزە چەکدارەکانیش بە تەواوی وریا و ئامادەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و یەکلاکەرەوە بەرگری لە نەتەوەی ئێران بکەن لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و خراپەیەک.

بەرپرسانی پاکستان کە لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا بوون، هەوڵیان داوە خولێکی دیکەی دانوستان لە نێوان هەردوولا ئەنجام بدەن و پەیام ئاڵوگۆڕ کراوە. لە دوایین پێشهاتدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەمان ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە پێشنیارێک لە ئەمریکاوە ئاراستەی ئێران کراوە و ئێمەش بیری لێدەکەینەوە، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستەڕوو.


لە هەمان کاتدا کردەوەکانی ئەمریکا لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکی ئێرانی، گەمارۆی دەریایی، زیادبوونی چەک لە ناوچەکە، زیادەڕەوی لە داخوازییەکان و هەندێک بابەتی دیکە لەو بابەتانەن کە ئێران وەک پێشێلکاری ئاگربەست ناساندووە و ڕایگەیاندووە، لەژێر ئەو مەرجانەدا بەشداریکردن لە خولی داهاتووی دانوستانەکاندا هیچ سوودێکی نییە.