جام کوردی - نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان شەممە، 25ی نیسانی 2026، ڕایگەیاند کە شەهباز شەریف لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی درێژخایەندا لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، ستایشی هەڵوێستی "بنیاتنەرانەی" تارانی کردووە بۆ بەشداریی لە گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد و جەختی لە بەردەوامیی ڕۆڵی وڵاتەکەی وەک نێوەندگیرێکی ڕاستگۆ کردووەتەوە.

شەهباز شەریف ستایشی ناردنی شاندەکەی ئێرانی بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی بۆ پاکستان کرد و گوتی: "ئیسلامئاباد بێوچان کار دەکات بۆ پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان."

هەردوولا دەستخۆشییان لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی عەباس عێراقچی و عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان کرد، کە توانیویانە نەخشەڕێگایەکی سەرەتایی بۆ ئاشتی و سەقامگیری بخەنە ڕوو.

سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی هەوڵە جددییەکانی حکوومەت و سوپای پاکستانی کرد لە پڕۆسەی نێوەندگیریدا و دووپاتی کردەوە کە "ئێران خوازیاری ئاشتییە" و دەیەوێت پەیوەندییە برایانییەکانی لەگەڵ پاکستان پتەوتر بکات.