جام کوردی - ڕاگەیاندنی جێبەجێکردنی “پڕۆژەی ئازادی” لەلایەن ئەمریکاوە بۆ بەڕێوبردنی کەشتیەکان لە گەرووی هورمز نەک هەر ئاسایشی نەهێنا بەڵکو بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلی پێکدادان و تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە کەنداوی فارس. گومانەکان لە گێڕانەوەی فەرمی واشنتۆن و بازدانی نرخی نەوت نیشانەی زیادبوونی مەترسی و شکستی پێشوەختەی ئەم پلانەیە و ئاماژەن بۆ ئەوەی پلانە نوێیەکەی ترەمپ لەدایک بووی مردووە.
پێشهاتەکانی دوێنێی کەنداوی فارس، زیاتر لە هەموو شتێک، ڕاستییەکی سادە بەڵام چارەنووسسازیان ئاشکرا کرد: هەر کارێکی تاکلایەنە بۆ "پاراستنی" گەرووی هورمز بە کردەوە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی ئەم ڕێڕەوی ژیانییە زیاتر نائەمنی بێت. دوای ڕاگەیاندنی ئەمەریکا لە جێبەجێکردنی "پرۆژەی ئازادی" و بە یاوەریکردنی کەشتییەکان، نەک هەر ئاشتی نەگەڕایەوە بۆ ناوچەکە، بەڵکو پێکدادانی سەخت و تەقینەوە لەسەر چەند کەشتییەکی بازرگانی و زیانگەیاندن بە دامەزراوە نەوتییەکانی فوجەیرە بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی گرژییەکانی بەرزکردەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئیدیعای واشنتۆن کە کەشتییەکی بازرگانی بە سەرکەوتوویی بە بەلەمی ماێرسکدا تێپەڕیوە لە ژێر چاودێریدا، بە شێوەیەکی جددی جێگەی پرسیارە، چونکە نە سەرچاوە سەربەخۆکان پشتڕاستیان نەکردۆتەوە و نە داتاکانی بەدواداچوونی دەریایی پشتگیری لە گێڕانەوەیەکی لەو جۆرە دەکەن. ئەم بۆشاییەی نێوان گێڕانەوەی فەرمی و داتا بەردەستەکان خۆی بووەتە هۆکارێک بۆ زیادکردنی بێمتمانەیی لە بازاڕ و لەنێو یاریزانانی کەشتیوانیدا. دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم دۆخە زیادبوونی مەترسی هەستپێکراوی بووە و لە ئەنجامدا کەمبوونەوەی ئامادەیی کەشتییەکان بۆ تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا بووە، تەنانەت بە ئەسکۆرتێکی سەربازیش.
لەوەش گرنگتر، بەشێک لە هاتوچۆکە پێشتر لەگەڵ ئێران هەماهەنگ بوو، ئەمەش تا ڕادەیەک یارمەتیدەر بوو بۆ پاراستنی سەقامگیری؛ بەڵام ئێستا تەنانەت ئەو ڕێگایانەی کە تاڕادەیەک پێشبینی دەکران، پەکیان خستووە. کاردانەوەی خێرای بازاڕی نەوت و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا نیشانەیەکی ڕوونی ئەم زیادبوونی مەترسییە. بەم پێیە دەتوانرێت بڵێین کە “پرۆژەی ئازادی” دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم هەنگاودا شکستی هێناوە و وەک منداڵێکی مردوو وایە.
لەم نێوەندەدا گرنگیی فوجەیرە لە هەموو کاتێک زیاتر بەرچاو دەکەوێت. ئەم بەندەرە دەکەوێتە کەنارەکانی دەریای عومان و تاکە بەندەری گەورەی ئیماراتە کە بە دەریای کراوە بەستراوەتەوە بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت و بەو پێیەش وەک ڕێگایەکی بەدیلێکی ستراتیژی بۆ هەناردەکردنی وزە ناسراوە. بە توانای عەمبارکردنی گەورە و ڕۆڵی سەرەکی لە پڕکردنەوەی سووتەمەنی کەشتییەکاندا، بەندەرەکە ڕۆژانە لە نێوان یەک ملیۆن و نیو بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بەڕێوەدەبات و ساڵانە دەیان ملیۆن تۆن کاڵا لە ڕێگەیەوە دەگوازرێتەوە.
بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە تەنانەت ئەم ڕێگا بەدیلانەش بێ مەترسی نین. تەقینەوەی دامەزراوەی فوجەیرە هۆشدارییەکی جددییە سەبارەت بە لاوازی ژێرخانی وزە لە بارودۆخی پەرەسەندنی گرژییەکان. ئەگەر ململانێکان تەشەنە بکات، نەک تەنها گەرووی هورمز، بەڵکو ڕێگاکانی وەک فوجەیرەش ڕووبەڕووی پەککەوتن دەبنەوە، دۆخێک کە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر دابینکردنی وزەی جیهانی.
دەرئەنجامەکانی سیناریۆیەکی لەو شێوەیە لە سنوورەکانی ناوچەکە تێدەپەڕێت. پچڕانی ئەدای فوجەیرە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئیمارات و زیادبوونی تێچووی لۆجستی و پچڕانی زنجیرەی دابینکردن. لەسەر ئاستی جیهانی کەمبوونەوەی دابینکردن و پچڕانی دابینکردنی سووتەمەنی دەریایی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و لە کۆتاییدا زیادبوونی هەڵاوسان لە ئابوورییە جیاوازەکاندا.
ئەوەی دوێنێ لە کەنداوی فارس ڕوویدا، ئەوە دەردەخات کە ئەو بژاردانەی کە ترەمپ پەنایان بۆ دەبات بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئێستا، نەک هەر یارمەتیدەر نابێت بۆ گۆڕینی دۆخی ئاڵۆزی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بەڵکو لە ڕاستیدا هەڵبژاردنە لە نێوان خراپ و خراپتر. ئێستا بۆ هەموو لایەک ڕوون بووەتەوە کە ئاسایشی ئەم هەرێمە بە کردەوەی دراماتیک و تاکلایەنە بەدی نایەت، بەڵکو بە ڕێکخستنی بەردەوام و داننان بە ڕۆڵ و پێگەی یاریزانە بەهێزەکان لە ناوچەکەدا. ئەزموونی دوێنێ ئەم پەیامە ڕوونەی هەیە: زیادکردنی بەکارهێنانی ئامرازە سەربازییەکان بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئێستا دەبێتە فاکتەری ناسەقامگیری نەک گەرەنتی ئاسایش.