جام کوردی - دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران لە ڕۆژی سێشەممەی کردبوو، بۆ جاری چەندەم پاشەکشەی لە جێبەجێ کردنی هەڕەشەکانی کرد و بیانووی ئەوەی هێنایەوە کە لەسەر داوای چەند وڵاتێک ئەو بڕیارەی داوە و باس لە دانوستاندنێکی جیددی دەکات.

ترەمپ لە پۆستێکدا ڕایگەیاند: رایگەیاند، بڕیاریان دابوو سێشەممە، هێرشی سەربازی گەورە و بەرفراوان بکەنە سەر ئێران، بەڵام لەسەر داوای سەرکردەکانی قەتەر، سعودیە و ئیمارات هێرشەکەی راگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دەدات کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، لە هەر ساتێکدا بێت هێرشە گەورەکە دەستپێدەکەن.

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر؛ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات داوایان لێکردووە هێرشە سەربازییەکەی سەر ئێران کە بۆ سێشەممە پلانی بۆ دانرابوو، رابگرێت.

 سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی هێرشەکە، ترەمپ دەڵێت: "ئێستا دانوستاندنێکی جیددی بەڕێوەدەچێت و بە بڕوای ئەوان [واتە سەرکردەکانی کەنداو]، وەک سەرکردە و هاوپەیمانێکی گەورە، رێککەوتنێک دەکرێت کە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەشی جێگەی قبووڵکردن بێت."

 ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە خاڵی هەرە گرنگی ئەو رێککەوتنە ئەوە دەبێت کە "ئێران هیچ چەکێکی ئەتۆمیی نابێت!"

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵیت: "لەبەر رێزم بۆ ئەو سەرکردانەی ناویان هاتووە، فەرمانم بە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ؛ جەنەڕاڵ دانیێل کەین، سەرۆکی دەستەی سوپاسالارە هاوبەشەکان و سوپای ئەمریکا کردووە، کە ئەو هێرشە نەکەن."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی سەربازیی و سیاسی ئێران هۆشداریی زۆر توندیان دابوو لە هەر چەشنە هێرشێکی ئەمریکا.

ناکۆکیی سەرەکیی واشنتن و تاران کە بووەتە بەربەست لە بەردەم رێککەوتنی ئاشتی، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە.   ئەمریکا دوایین پێشنیازی ئێرانی بۆ رێککەوتن رەتکردەوە، ئەوەش وەک ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس دەڵێت، چونکە ئێران لە پێشنیازە نوێیەکەیدا داوای کردووە پرسی ئەتۆمی لە رێککەوتنی ئاگربەست جیا بکرێتەوە و بخرێتە "قۆناخەکانی داهاتوو"، بەڵام ئەمریکا ئەمەی بە تووندی رەتکردووەتەوە.

بەرپرسانی ئێران وێڕای جەخت لەسەر ئاشتیخوازانەبوونی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە، بەردەوام رەتیان کردووەتەوە ئەوەی بە جەنگ دەستبەرداری نەبوون، لەسەر مێزی گفتوگۆ وازی لێ بهێنن.