جام کوردی – سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پاکستان جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی وڵاتانی ئیسلامی کردەوە و هاوکاریی وڵاتانی دراوسێی ئێران بۆ رێگریکردن لە قۆستنەوەی خاکیان لە لایەن تیرۆریستانەوە، بە هەنگاوێکی زۆر بەنرخ و گرنگ وەسفکرد.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، پێشوازیی لە موحسین نوقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان کرد و رایگەیاند کە وڵاتەکەی خوازیاری دروستکردنی پەیوەندییەکی دۆستانە و سەقامگیرە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان لە ناوچەکەدا.
پزیشکیان رایگەیاند، "هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ بۆ رێگریکردن لە قۆستنەوەی خاکیان لە لایەن تیرۆریستانەوە، هەنگاوێکی زۆر بەنرخ و گرنگ بوو."
سەرۆک کۆماری ئێران، گوتی: ئێران هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی دۆستانە و سەقامگیر لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیی ناوچەکە دروست بکات.
هەروەها روونی کردەوە کە، "یەکڕیزیی وڵاتانی ئیسلامی دەبێتە هۆی سنووردارکردن و کەمکردنەوەی دەستوەردانی هێزەکانی دەرەوەی ناوچەکە."
لە بەرامبەردا، وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەرۆک کۆماری ئێرانی راگەیاند: "ئەمڕۆ تاران و ئیسلام ئاباد لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر لە یەکدی نزیک بوونەتەوە."
موحسین نوقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، شەممە 16ـی ئایاری 2026، بە مەبەستی نێوەندگیری و کاراکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان تاران و واشنتن، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئێران.