بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ساتە کۆتاییەکانی شەوی عاشورا ساڵی 1447 ی کۆچیدا، وێنەی ئامادەبوونی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە حوسێنییەی ئیمام خومەینی بڵاوکرایەوە؛ ئامادەبوونێک کە لە ڕووی دەرەوە درێژکراوەی نەریتێکی ئایینی و ڕێوڕەسمی بوو، بەڵام لە ناوەوە، لوتکەی شەڕێکی شاراوە بەڵام توند بوو لە میدیا و گێڕانەوە و دەروونی کۆمەڵگادا.
پاش شەڕێکی سەربازیی 12 ڕۆژەی ئێران و ڕژێمی زایۆنیستی و لە نێو ئۆپراسیۆنە دەروونییە قورسەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دوژمنکارانە، نەبوونی ڕێبەری شۆڕش لە شەوانی سەرەتای ڕێوڕەسمەکانی ماتەمینی موحەڕەمدا بووبووە بابەتێک بۆ بنیاتنانی سیناریۆیەکی ئامانجدار.
ئەم ئامادەبوونە مانادارە بنەمای سەرکەوتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە تێکشکاندنی ئەم سیناریۆیانە و پێناسەکردنەوەی دەسەڵات لە بواری گوتاردا دابین کرد.
شەڕی گێڕانەوەکان؛ بەستێن و باروودۆخ
لە ڕۆژانی پێش شەوی عاشورا، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دوژمنکارانەی فارسی زمان، بە پشتبەستن بە نەبوونی وێنەی گشتی ڕێبەری شۆڕش، زنجیرەیەک سیناریۆی دژبەیەک بەڵام ئامانجداریان خستە بەرنامەی کارەکانیانەوە. ئەم سیناریۆیانە دەتوانرێت لە سێ دەستەی گشتیدا پۆلێن بکرێن:
1 - گریمانەی غیابی مانادار: نەبوونی وەک نیشانەی قەیرانی بڕیاردان یان بۆشایی لە لوتکەی دەسەڵات.
2 - گریمانەی هەڕەشەی ئاسایش یان فیزیکی: چاندنی لاوازی لە سەرکردایەتیدا دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییە لە گەڵ تەلئەبیب.
3 - گریمانەی دەستپێکردنی گواستنەوەی دەسەڵات: دەستپێکردنی گێڕانەوەی پاشوەختە لە دەوری پرسی جێنشینی و بۆشایی سەرکردایەتی.
تێکەڵکردنی ئەم سێ بەرەیە جۆرێک لە شەڕی دەروونی - گێڕانەوە بوو کە ئامانجی لاواز کردنی دەسەڵات و چاندنی ناسەقامگیری لە بیروڕای گشتیدا و داگیرکردنی بواری میدیا بوو. لە چوارچێوەیەکی وەهادا، ئامادەبوونی لەناکاو و گشتیی ڕێبەری شۆڕشگێڕ لە شەوی عاشورادا ئەرکێکی فرە ڕەهەندی هەبوو: دووبارە بنیاتنانەوەی سەرمایەی ڕەمزی، بێبەهاکردنی گوتاری دوژمن و گەڕاندنەوەی ئاسایشی دەروونی کۆمەڵگا.
سەرمایەی ڕەمزی و بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات
دەسەڵاتی سیاسی تەنیا بە هێز یان بە ڕێگەی یاسایی دامەزراو نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی سەرمایە ڕەمزییەکانی وەک شەرعیەت و متمانە و قبوڵکردنی کۆمەڵایەتییەوە بەردەوام دەبێت. ئەم سەرمایانە پێویستیان بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەیە لە بارودۆخی دیاریکراودا بۆ ئەوەی لە بواری کێبڕکێی گوتاریدا نەچەوسێنەوە.
ئامادەبوونی ڕێبەری شۆڕشگێڕ لە ڕێوڕەسمی شەوی عاشورا، بە تایبەت دوای هەلومەرجی ناوچەیی تایبەت، بە وردی بەرەو ئەم لۆژیکە ئاراستە بوو.
ئەم ئامادەبوونە نمایشێکی گشتی و ئاشکرای بەردەوامی دەسەڵات بوو لە بەرزترین ئاستی حوکمڕانیدا. کاتێک ڕای گشتی بە دەنگۆ و دڵەڕاوکێی هەڵبەستراو و گێڕانەوەی ناجێگیر بۆردومان دەکرێت، هیچ ئامرازێکی میدیایی توانای بنیاتنانەوەی سەرمایەی ڕەمزی لە وێنەی " دەرکەوتنی دەستبەجێ " زیاتر نییە.
بە بڕوای شرۆڤەکاران، دەسەڵات گۆڕەپانێکە بۆ ئەوەی سەرمایە یاری تێدا بکات، لەم جۆرە بوارانەدا ئەکتەرە سیاسییەکان دەبێت سەرمایەکەیان "بینراو" و "متمانەپێکراو" بکەن بۆ ئەوەی پێگەی ئیمتیازاتی خۆیان بپارێزن.
ڕێبەری شۆڕش، بە ئامادەبوونی زیرەکانە لە بۆنەیەکی ئایینیدا کە بە قووڵی لە یادەوەری کەلتوری ئێرانییەکاندا چەسپاوە، ئاسایش و دەسەڵاتی دەروونی وڵاتی گەیاندە لوتکە.
دەسەڵاتی گوتاری و پێناسەکردنەوەی گێڕانەوەی باڵادەست
فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ نەک لە دامەزراوەکان یان تاکەکاندا، بەڵکوو لە “ڕەوتی گوتارەکاندا” دەسەڵاتی شیکردەوە. فۆکۆ پێی وابوو کە گوتاری زاڵ لە هەر شوێنێکدا بگۆڕێت، بنیاتنانی دەسەڵاتیش دەگۆڕێت. لە سەنگەری میدیایی ئەم دواییەدا، دەزگا میدیاییە دوژمنکارەکان هەوڵیان دەدا گوتاری باڵادەست لە "دەسەڵاتی دوای شەڕی کۆماری ئیسلامی"ەوە بگۆڕن بۆ "ڕووخانی ناوخۆیی و نەبوونی سەرکردایەتی".
پڕۆژەکەیان سادە نەبوو؛ بەڵکوو هەوڵیاندا بە بەرهەمهێنانی بابەتێکی ساختە لە ڕێگەی شیکردنەوەی وردی کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکان و مێژووی قەیرانە دەروونییەکانی کۆمەڵگا و بێگومان پشتبەستنی ئاسایشی دەروونی وڵات بە سەرکردەی شۆڕشگێڕەوە، کۆنترۆڵی گێڕانەوەکە بکەن.
بەڵام گوتارەکەیان کاتێک شکستی هێنا کە وێنەی ئامادەبوونی ڕێبەری شۆڕشگێڕ لە شەوی عاشورادا بڵاوکرایەوە.
ئەم وێنەیە، بە بێ ئەوەی پێویستی بە وتارێک یان ڕاگەیاندنی فەرمی هەبێت، گوتاری باڵادەستی بە تەواوی گۆڕی: لە “نەبوون”ەوە بۆ “سەرهەڵدان”؛ لە “گومان”ەوە بۆ “دڵنیایی”؛ و لە “بێدەنگی”ەوە بۆ “دەسەڵاتی ئارام”.
ئەم جۆرە لە نوێنەرایەتیکردنی دەسەڵات، چڕترین و کاریگەرترین شێوەی مومارەسەی باڵادەستی شەرعییە کە بکەری دەسەڵات، بە بێ گوشار، بەب ێ سانسۆر، تەنیا بە نوێنەرایەتییەکی نازارەکی، گۆڕەپانی گوتار داگیر دەکات.
بەم پێیە کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لەم ئامرازە سادەیە - وێنەی ئامادەبوونێکی بێ بانگەشە بەڵام دەسەڵاتدار - توانی گوتاری شکستخواردووی دوژمن بە قازانجی خۆی بگۆڕێت.
دەرئەنجامە کردەییەکانی ئەم سەرکەوتنە گوتارییە
1 - گەڕاندنەوەی ئاسایشی دەروونی گشتی:
بوونی ڕێبەری شۆڕش وەک کردەوەیەکی ڕەمزی، دڵەڕاوکێی ناڕوونی لە کۆمەڵگادا بۆ کەشێکی ئارام گۆڕی و متمانەی گشتی گەڕاندەوە.
2 - بێناوبانگکردنی گێڕانەوەی دژ بەیەک: ئەو دەزگا میدیایانەی کە بە دڵنیاییەوە قسەیان لە سەر نەبوونی یان قەیرانەکە کردبوو، لەناکاو تووشی داڕمانی باوەڕپێکراو بوون کاتێک ڕووبەڕووی ڕاستییەکە بوونەوە.
3 - گەڕانەوەی گۆڕەپانی میدیای ناوخۆ بۆ پێگەیەکی چالاک: میدیای ناوخۆیی کە پێشتر لە سەر بەرگری بوو، بوو بە یاریزانی چالاک لە شەڕی گێڕانەوەکاندا، بە پاڵپشتی ئەم وێنە و ئامادەبوونە.
4 - شکستی پرۆژەی جیاکردنەوەی سەرکردایەتی لە خەڵک: یەکێک لە ئامانجە شاراوەکانی پشت سیناریۆسازیی میدیای دوژمنکارانە، درووستکردنی پچڕانێک بوو لە هزری جەماوەردا سەبارەت بە پەیوەندی سۆزداری و شەرعییەتی یەکتری نێوان خەڵک و سەرکردەی شۆڕشگێڕ. دوژمنان هەوڵیاندا وێنەی سەرکردایەتییەک درووست بکەن کە دوور و پچڕاو بێت لە گەڵ خەڵک. بەڵام ئامادەبوون لە شەوی عاشورا کە یەکێکە لە ساتە بەناوبانگەکانی ماتەمینی بۆ ئێرانییەکان، ئەم پڕۆژەیەشی شکست پێهێنا. سەرکردایەتی نەک هەر لە چوارچێوەی کۆمەڵگادا دەرکەوت، بەڵکوو لە ناوەندی ئەو ڕێوڕەسمانەشدا دەرکەوت کە قووڵایی پەیوەندییە مێژوویی و سۆزداری و ئایینییەکانی خەڵک لە گەڵیاندا جیا ناکرێتەوە.
یەک ئامادەبوون، چەندین سەرکەوتن
ئەگەر شەڕەکانی ئەمڕۆ لە کایەی گێڕانەوە و وێنە و ڕەمزدا ڕووبدەن نەک لە بەرەکانی شەڕدا، پێویستە ئامادەبوونی ڕێبەری مەزنی شۆڕش لە ڕێوڕەسمی شەوی عاشورادا بە خاڵی وەرچەرخان لە گەڕاندنەوەی دەسەڵات و شکستی ئۆپەراسیۆنێکی سایکۆلۆژی ڕێکخراو دابنرێت. ئەم ئامادەبوونە تەنیا گەڕاندنەوەی شەرعییەت نەبوو بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەی یەکگرتوویی و سەقامگیری ناوخۆیی بوو./.