جام کوردی - ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیوم ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بیر لە دوورخستنەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی دەکاتەوە کە دژایەتی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران بوون، لەوانە پیت هێگسێت وەزیری جەنگ و جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی.
تاکە کەسێک کە "پارێزبەندی"ی پێدەدرێت، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە، کە زۆر وریا بووە لە ڕەخنەگرتن لە ڕێککەوتنەکە.
بەپێی زانیارییەکان، ڕاتکلیف بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، کۆمەڵگەی هەواڵگری گومانی جددییان هەیە سەبارەت بەو ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێران، بەتایبەتی ئامادەیی تاران بۆ پێدانی کۆمەڵێک ئیمتیازاتی ئەتۆمی.
ئاکسیۆس ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕاتکلیف لەگەڵ ڕوبیۆ و هێگسێت نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەو گرێبەستە، لە کاتێکدا جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس و نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر پشتگیریان کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ترەمپ و ڕاوێژکارەکانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستی باڵایان ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنەکە.
گرژییەکانی ناوچەکە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە پەرەی سەندووە، دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیاتر لە سێ هەزار کەسی کوشتووە. تاران وەڵامی دایەوە و هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو و ئیسرائیل و سنووردارکردنی بۆ تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا سەپاند.
واشنتۆن و تاران لە ٨ی نیساندا بە نێوەندگیری پاکستان گەیشتنە ئاگربەستێکی کاتی و دواتر ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیان ڕاگەیاند کە ئامانج لێی کۆتایی هێنان بە شەڕەکان بوو.
بڕیارە لە 19ی تەمموزدا ئەو ڕێککەوتنە لە سویسرا بە فەرمی واژۆ بکرێت.