جام کوردی - نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەننا بە ئاماژەدان بە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران لە هەندێک وڵات جەختی لەوە کردەوە کە تاران لە کۆتاییدا پارەکەی دەست دەکەوێت.

میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەننا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: ئێران ئەو پارانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی بلۆککراون لە بانکە بیانییەکان وەردەگرێتەوە.

نوێنەری ڕووسیا ئەم کورتە وتارەی لە وەڵامی ڕاپۆرتێکی کەناڵی جەزیرەدا بڵاوکردەوە کە تیایدا لە زاری مەسعوود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە نووسیویەتی، هەموو بڕگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتۆن لە بەرژەوەندی ئێرانە و شەش ملیار دۆلاری پارەی ئێرانی لە قەتەر دەگەڕێندرێتەوە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەفتەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران لە جیهاندا نووسیبووی: خەمڵاندنەکان لەسەر بڕی سەروەت و سامانی ئێران لە دەرەوەی وڵات جیاوازن و تاران ڕایگەیاند کە لانیکەم ١٠٠ ملیار دۆلارە. بەڵام شارەزایانی دیکە پێیان وایە ئەم ڕێژەیە زۆر کەمترە و ئەولەویەتی ئێستای تاران ئەوەیە کە ٢٤ ملیار دۆلاری سەرەتایی بە چەند قۆناغێک ئازاد بکات.