جام کوردی - سەردانەکەی سەید عەباس عێراقچی بۆ عێراق لە دۆخێکدا بوو کە بەم دواییە ئەو وڵاتە شاهیدی دەستبەکاربوونی فەرمی حکومەتێکی نوێی بە سەرۆکایەتی عەلی ئەلزەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو؛ گەشتێک کە لە کاتێکی هەستیاردا دێت و هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی بەردەوامی سەقامگیرکردنی هەیکەلی جێبەجێکاری بەغدا.
لە کەشێکی وادا پێویستە ڕاوێژکارییەکانی تاران لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق لە چوارچێوەی پێشهاتە ناوخۆییەکانی وڵات و هەروەها بارودۆخی ناوچەکەدا هەڵسەنگێندرێت. دیارترین تایبەتمەندی عەلی ئەلزەیدی، پێشینەی لە بواری ئابووری و بانکی و تێڕوانینی پراگماتیک و ئۆپەراسیۆنی بۆ پرسە جێبەجێکارەکانە. بە پشتبەستن بەو پاشخانەی کە لێی وەرگیراوە، مەیلی بەرەو گەشەپێدان و پرسە ئابوورییەکان زیاترە لە بوارەکانی دیکە؛ تایبەتمەندییەک کە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق. لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک گرفت لە بوارەکانی گواستنەوە، ڕێسا گومرگی، پرسی ترانزێت و دابینکردنی پێداویستییەکانی عێراق لە بازاڕی ئێرانەوە، پێویستی بە ڕێبازێکی کارگێڕی و ڕوون و ئابوری لەسەر بنەمای بەڕێوەبردن بووە. لەم ڕوانگەیەوە بوونی سەرۆک وەزیرانێکی خاوەن بیرکردنەوەی ئابووری دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێنماییکردن و پێشخستنی ئەم پەیوەندیانە.
گرنگی ئەم ڕێبازە کاتێک زیاتر دەردەکەوێ کە عێراق بە یەکێک لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران لە ناوچەکە و جیهان دادەنرێت. ئێران و عێراق بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای تایبەتی خۆیانەوە، جگە لەوەی سوود لە بازاڕە ناوخۆییەکانی یەکتر وەردەگرن، توانای هاوکاریکردنی ئابووریی ناوچەکەشیان هەیە. پێگەی ستراتیجی عێراق و گەنجی دانیشتوان و پێویستی وڵات بۆ ئاوەدانکردنەوە، وایکردووە عێراق ببێتە هاوبەشێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئێران. هاوکاری نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی وەک وزە، گەشتیاری زیارەت، ترانزێت، و پیشەسازی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری و کولتووری ئێران لە هەمان کاتدا پشتبەستنی عێراق بە بازاڕە کێبڕکێکارەکان کەم بکاتەوە؛ پرسێک کە لە هەلومەرجی ئێستادا لە هەموو کاتێک گرنگتر بووە. بەڵام بەدیهێنانی ئەو توانا ئابوورییانە بەبێ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی مومکین نابێت. یەکێک لە گرنگترین پێشمەرجەکانی گەشەپێدان لە هەر وڵاتێکدا سەقامگیر و فراوانبوونی پەیوەندییەکانە لەگەڵ دراوسێکانی و عێراق، زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە دامەزراندنی پەیوەندییەکی باش هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ بەدیهێنانی پلانەکانی گەشەپێدان. هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەماوەی ٢٥ ساڵی دوای داگیرکردنی ئەو وڵاتە، هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. لە هەندێک خاڵدا بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق لە یەکترەوە نزیک بوون و تەنانەت هاوبەشی لەنێوان هەردوولادا هەبووە، بەڵام لە کاتەکانی دیکەدا ئەو پەیوەندییانە گرژی و کێبڕکێی لەگەڵدا بووە. ئێستا کە بەغدا بە نیازە پلانەکانی گەشەپێدانی خۆی بە جددی پەیڕەو بکات، زیاتر لە جاران پێویستی بە دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت هەیە لە ناوخۆ و لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا. ئەم پرسە لە بارودۆخی ئێستادا گرنگتر بووە، چونکە ئەلزەیدی لە سەردەمێکدا هاتە سەر دەسەڵات کە ناوچەکە لە ژێر کاریگەری شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران بوو و تەنیا سێ هەفتە تێپەڕیبوو بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەم ململانێیەدا. بۆیە ناکرێت پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە دابڕان لە پێشهاتە ئەمنی و جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە شیکاری بۆ بکرێت. لە هەمان کاتدا هەڵبژاردنی ئەلزەیدی لەلایەن تاران و واشنتۆنەوە پێشوازی لێکرا؛ بابەتێک کە دەتوانێت یارمەتی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بدات بۆ دروستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتدا؛ ڕێبازێک کە بەغدا لەم ساڵانەی دواییدا هەمیشە بەدوایدا دەگەڕا. لەم نێوەندەدا، دامەزراندنی ئاسایشی ناوخۆ و پێشگرتن لە هەر جۆرە تێکچوونێک لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران بە پرسێکی گرنگ بۆ عێراق دادەنرێت.
کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک گروپ و هێزی ئۆپۆزسیۆن یان چەکدار و دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و تەندروست لە نێوان هەردوو وڵاتدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە لایەکی دیکەوە ئێران و عێراق هەردووکیان ئەندامی ئۆپێکن و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و پەککەوتنەکانی بازاڕی وزە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی ئەندامانی ڕێکخراوەکە هەبێت. هەروەها ئەو نائەمنییانەی کە لەلایەن هەندێک وڵاتی لێواری باشووری کەنداوی فارسەوە بەرامبەر ئێران بەدی دەکرێت، پێویستیی کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان و هەنگاونان بەرەو هاوکاریی ناوچەیی دوو هێندە کردووە. عێراق پێویستی بە ژینگەیەکی سەقامگیر هەیە بۆ پێشخستنی پلانەکانی گەشەپێدان. ئەم پێویستییە هەم لە بواری بازرگانی و هەم لە کەڵک وەرگرتن لە کەنداوی فارس و گەرووی هورمز گرنگە.
سەرەڕای قەیرانی ئەم دواییە لە گەرووی هورمز، کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسانکاری گونجاوی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە عێراقییەکانیش دابین کردووە، لەوانە کەشتیی هەڵگری وزە و کەلوپەل. بەگشتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا، کەڵک وەرگرتن لە توانا ئابوورییەکانی دوو وڵات و کەمکردنەوەی گرژییە ناوچەییەکان پێویستی بە هاوکاری هاوبەشی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و کەنداوی فارس هەیە؛ هاوکارییەک کە بتوانێت ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی گرژییەکان، فراوانبوونی پێشبڕکێی چەک و دەستێوەردانی ئەکتەرە بیانییەکان لە ناوچەکەدا.