عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ پێگەی "ماجرای روز" سەبارەت بە جەنگی 40 رۆژە، وردەکاریی پیلانێکی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ دابەشکردنی ئێران ئاشکرا کرد.
عێراقچی ڕایگەیاند، لە چوارەمین رۆژی جەنگەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندی بە ژمارەیەک سەرکردەی کوردستانی عێراقەوە کردووە بە ئامانجی نانەوەی نائارامی و ناردنی چەک بۆ ناو خاکی ئێران، بە مەبەستی لاوازکردن و دواجار ڕوخاندنی رژێمی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە دەستبەجێ پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامداوە و پێی ڕاگەیاندوون: "ئەگەر بچوکترین هەڕەشە لە کوردستانی عێراقەوە ئاڕاستەی ئێمە بکرێت، وەڵامی توند دەدەینەوە و وا مەزانن ئێمە لە شوێنێکی دیکە سەرقاڵین".
عێراقچی جەختی لەوەشکردەوە، لەو بارەیەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، قسەی کردووە و ناوبراو بەڵێنی داوە ڕێگە بە هیچ جوڵەیەکی نائارامکەر نەدات و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات. هاوکات ئاماژەی بە ڕۆڵی تورکیا کرد و رایگەیاند، ئەنقەرە هەڵوێستێکی توندی لە بەرامبەر ئەو پلانەی ئەمریکا نیشانداوە و بەشدارییەکی کارای لە پوچەڵکردنەوەیدا هەبووە.