پلانە مشتومڕاوییەکەی جیانی ئینفانتینۆ بۆ گواستنەوەی بەشێک لە پشکەکانی فیفا بۆ وەبەرهێنەرانی تایبەت کاردانەوەی توندی یوفای لێکەوتەوە و تەنانەت بووەتە هۆی بایکۆتکردنی مۆندیال لەلایەن هەندێک وڵاتی ئەوروپاوە.
چەند وڵاتێکی ئەوروپی بیر لە ئەگەری بایکۆتکردنی مۆندیال دەکەنەوە؛ هەنگاوێک کە ڕەنگە بە جددی لەبەرچاو بگیرێت ئەگەر ئینفانتینۆ پێداگری بکات لەسەر جێبەجێکردنی پلانە مشتومڕاوییەکەی. بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی مەجازی بەپەلە ئەنجام بدەن و تاوتوێی دژایەتی خۆیان بکەن لەگەڵ پلانی سەرۆکی فیفا بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی بازرگانی نوێ بە بەشداری وەبەرهێنەرانی بیانی.
ئەو دەستەیە بەیاننامەیەکی سەبارەت بە پلانە نوێیەکەی ئینفانتینۆ بڵاوکردەوە و نوسیویەتی: ئەو کارەی فیفا هێڵی سوور دەبڕێت کە دەستەی بەڕێوەبەری تۆپی پێ هەرگیز نابێت بیبڕێت، یوفا ئەم بابەتە زۆر بە جددی وەردەگرێت، دەبێت هەموو وڵاتان هەڵوێستیان هەبێت لەسەر ئەم بابەتە، دەبێت خولەکان، یانەکان، یاریزانان، هاندەران، حکومەتەکان و هەرکەسێک گرنگی بە ئایندەی تۆپی پێ بدات، دەبێت هەمان شت بکات. ڕۆحی تۆپی پێ و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی تۆپی پێ، وەکوو کاڵایەک نییە کە بتوانێت بکڕدرێت و بفرۆشرێت، بەتایبەتی کاتێک هیچ شەفافیەتێک سەبارەت بە بەرژەوەندییە داراییەکان لەم مامەڵەیەدا نییە و هیچ کام لە ئێمە خاوەنی تۆپی پێ نین و تۆپی پێ سەرمایەیەک نییە کە فیفا بیەوێت بیفرۆشێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە، ئەگەری بایکۆتکردنی ڕکابەرییەکانی فیفا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بە جددی وەربگیرێت. یەکەم تاقیکردنەوەی ئەم ناکۆکییە لەسەر جامی جیهانی ئافرەتان دەبێت، کە ساڵی داهاتوو لە بەرازیلدا بەڕێوەدەچێت.
بێگومان ئەمە یەکەمجار نییە کە ئۆپۆزسیۆنی ئەوروپا، فیفا ناچار بە پاشەکشە بکات. لە ساڵی 2021 ئەو ڕێکخراوە وازی لە پلانی بەڕێوەچوونی مۆندیال بۆ هەر دوو ساڵ جارێک هێنا، دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردەکانی ئەوروپای کرد.