بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەد و دەهەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وتووێژی حکوومەتی پارێزگای کرماشان و کەرتی تایبەت بەڕێوەچوو کە تیایدا تیشک خرایە سەر پرس و تەحەدداکانی کاسبکاران و بازرگانان؛ کۆبوونەوەیەک کە تا ڕادەیەکی زۆر تایبەت بوو بە کێشە سنوورییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانی لەگەڵ عێراقدا.

لەم دیدارەدا چالاکانی ئابوری کێشەکانی گەڕانەوەی دراوی بیانی لە هەناردەکردن و ئاڵۆزییەکانی هاوردەکردنی کاڵاکان لە بەرامبەر دراوی هەناردەکردندا بە گرنگترین نیگەرانی خۆیان هێنایە ئاراوە.

هەروەها سنووردارکردنەکانی پەیوەست بە ڕیزبەندی و سەقفی هاوردەکردن لەنێو ئەو بەربەستانەی دیکەدا بوون کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا.

هەروەها نەبوونی ئیمکانات و ژێرخانی هاوتا لەگەڵ توانای بازرگانی لە سنوورەکانی خوسرەوی، پەرویزخان، شۆشمی، شێخ سڵە لە پرسەکانی دیکە بوو کە باسی لەسەر کرا.

هەروەها بازرگانان ڕەخنەیان لە کۆکردنەوەی هەندێک کرێی زیادە و سنووردارکردنی چوونە ژوورەوە بۆ سنوورەکان و بیرۆکراسی لەم پرۆسەیەدا گرت.

چالاکوانانی ئابووری جەختیان لەسەر دروستکردنی فەزای گونجاو لە سنوورەکان کردەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بازرگانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان؛ داواکارییەکانی دیکە کە خراونەتەڕوو بریتی بوون لە دروستکردنی کۆگای گونجاو بۆ هەڵگرتنی کاڵا و دابینکردنی شوێنی پشوودان بۆ بازرگانان.

ڕەزا سەلیم ساسانی، بەرپرسی ژووری بازرگانی کرماشان، هەروەها بە فەرمی کردنی سنووری سۆماری بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی بازرگانیی ئەو پارێزگایە زانی و جەختی لە سەر پێویستی بەڕێوەبردن و هەماهەنگی یەکگرتووی دەزگاکانی هەڵکەوتوو لە سنوورەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم چالاکیی کاسبکاران کردەوە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بینای نوێی ژووری بازرگانی کرماشان، هەروەها پێشنیاری کرد کە بلوارەکەی بەردەم ئەم بینایە ناوی "گوزەری بازرگانان" بێت، پێشنیارێک کە بە بڕوای ناوبراو دەتوانێ هێمای پێگەی چالاکانی ئابووری و ڕۆڵی ئەوان لە گەشەسەندنی پارێزگاکەدا بێت.

سەلیم ساسانی جەختی لەوە کردەوە کە: لابردنی بەربەستەکانی دراو، ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی هاوردەکردن و دروستکردنی ژێرخانی گونجاو لە سنوورەکان لە مەرجەکانن بۆ ئەوەی کرماشان لە هەموو توانای بازرگانی خۆی لەگەڵ عێراق کەڵک وەربگرێت.