بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا نیکرەوش، سەرپەرشتیاری گومرگی پارێزگا و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی کرماشان، له کۆبوونەوەیەک بۆ پێداچوونەوە به پرسه گومرگییەکانی ناوچەی چاودێریی پارێزگا له گومرگی سنووری شۆشمی، جەختی لەسەر پێویستی ئاسانکاری و خێراکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ڕەچاوکردنی یاسا و کۆنترۆڵی پێویست کردەوە.
لەم دیدارەدا بە ئامادەبوونی بریکاری سەرۆکی ئاسایش و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پەرویزخان و سەرۆکی گومرگی شۆشمی و تیلەکۆ و شێخ سڵە و فەرماندەی یەکەی پاراستنی گومرگی پارێزگاکان، بەجیا پێداچوونەوە بە پرس و تەحەدای گومرگی ژێردەستە کرا و ڕێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێشنیار کران.
نیکڕەوش بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی خوازراو بۆ ئەکتەرە ئابوورییەکان وتی: کاراکردنی ڕێکارەکانی گومرگی و خێراکردنی بازرگانی پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان و بە پابەندبوون بە کۆنتڕۆڵە پێویستەکان پەیڕەو بکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: زیادکردنی هەماهەنگی لە نێوان گومرگە ژێردەستەکان و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسانەی کە هەن، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکاری بۆ چالاکییەکانی ئەکتەرە ئابوورییەکان.
دواتر بەڕێوەبەرانی گومرگە ژێردەستەکانی دەڤەری چاودێڕی پارێزگاکە، پرس و گرفتەکانی ناوچەی بەڕێوەبردنیان وروژاند و دوای پێداچوونەوەشیان، بڕیاری پێویست بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنیان درا.
هەروەها سەرپەرشتیاری گومرگی پارێزگا و بەرپرسانی دیکەی ئامادەبوو، سەردانی بەشە جیاوازەکانی فەرمانگەی گومرگی شووشمییان کرد بۆ پشکنینی چالاکییەکان.
لەم سەردانەدا بەرپرسانی گومرگی بەشێوازی ڕووبەڕوو، لەگەڵ چالاکانی ئابووری کۆبونەوە و پرس و کێشەکانیان تاوتوێ کرد. هەروەها فەرمانی پێویست دەرکرا بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە خراونەتەڕوو.
شایانی ئاماژەیە کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بۆ جام کوردی نێردراوە، لەم دواییانەدا کاتی ترانزێتی بازرگانان و موسافران لە ڕێگەی سنووری شۆشمیەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بە وتەی بەشێک لە سەردانکەران بە شێوەیەکی بێزارکەری هەیە؛ پرسێک کە بووەتە هۆی گلەیی و ناڕەزایی ژمارەیەک لە بازرگانان و گەشتیاران.
بۆیە پێشبینی دەکرێت بە لەبەرچاوگرتنی جەختکردنەوەی دەسەڵاتداران لەسەر ئاسانکاری هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕکردن، ئەم بابەتە بخرێتە بەر پشکنین و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانی و ڕێکخستنی پڕۆسەی هاتووچۆی گەشتیاران.