سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕووداوی ڕاگەیاند کە لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیاز کراوە مەزڵوم عەبدی ببێتە ڕاوێژکاری سەرۆکی سوریا و ئیلهام ئەحمەدیش پۆستێک لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان وەربگرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم پێشنیازانە بە شێوەیەکی فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە خوێندن بە زمانی کوردی، کە شاندەکە داوایان کردووە زمانی کوردی لە دەستووردا بە فەرمی بناسرێت. لە بەرامبەردا، لایەنی دیمەشق بەردەوام جەختی لەسەر بەکارهێنانی زمانی عەرەبی کردووەتەوە.
ئەم کۆبوونەوانە دوای ڕێککەوتنی ۲۹ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دێن. مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاندبوو کە بەهیوای سەرکەوتنی پرۆسەکەن بۆ دروستکردنی پێگەیەکی ڕاستەقینە بۆ کورد لە دەوڵەتی داهاتووی سوریادا.