ئەو یاریزانە تەمەن 23 ساڵەی فەرەنسی کە وەرزی ڕابردوو زۆرتر وەکوو یاریزانی یەدەگ بووە، ئێستا بووەتە یەکێک لە یاریزانە گرنگەکانی تیپەکەی کریستیان چیڤۆ و تەنانەت باس لە ئەگەری بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکرێت.
دیوف یاری تۆپی پێی لە ئەکادیمیای پاریس سانجێرمان دەستپێکرد و دوای یاریکردنی بۆ یانەی ڕێن لە ساڵی 2023دا پەیوەندی بە یانەی لێنسەوە کرد، ئاستە باشەکەی لەم تیپەدا وایکرد کە ئینتەرمیلان نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکات بۆ ئەوەی لە هاوینی 2025 دایبمەزرێنێت.
بەڵام لە وەرزی نوێدا دۆخەکە گۆڕاوە. چییڤۆ زۆرترین سوودی لە سیفەتە جەستەیی و تەکنیکییەکانی دیوف وەرگرتووە، بە گواستنەوەی بۆ پۆستی بەرگریکاری ڕاست، گواستنەوەکەش تا ئێستا سوودی هەبووە. دیوف لە پێش وەرزدا سێ گۆڵی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستیشی لە یاریی یەکەمی خولی ئیتاڵیا بەرامبەر مۆنزا تۆمارکردووە.
باشترین ئاستی بەرامبەر ناپۆلی بوو، کە ئینتەرمیلان بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دیوفیش لە ڕووی بەرگرییەوە سەرکەوتوو بوو. هەر ئەمەش سەلماندی کە تەنها لە هێرشبردندا کاریگەر نییە.
توانای ڕاکردنی بەردەوام و یاریکردنی یەک بە یەک و پاس لە باڵ و گەڕانەوەی خێرا بۆ هێڵی بەرگری وایکردووە دیوف ببێتە هێرشبەرێکی سەردەمی مۆدێرن. ئاستە بەرزەکەی وایکردووە ئامادەنەبوونی دێنزێل دامفریس کەمتر هەستی پێبکرێت، هەرچەندە جێد سپێنس هێشتا ڕکابەری دەبێت بۆ ئەو پۆستە.
دیوف تا ئێستا یاری بۆ هەڵبژاردەی باڵای فەرەنسا نەکردووە، بەڵام لە ئاستە جیاوازەکاندا یاری بۆ ئەو وڵاتە کردووە و لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 مەدالیای زیوی بەدەستهێناوە. ئێستا، درێژەدان بەم ڕەوتە دەتوانێت هەنگاوێک لە، لەبەرکردنی درێسی هەڵبژاردەی باڵا نزیکی بکاتەوە.