بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موسلیم ئەحمەدی نەسر لە کۆبوونەوەی گرووپی کاری پەرەپێدانی هەناردەکردنی پارێزگاکان ڕایگەیاند: بە هەناردەکردنی غازیشەوە، بەهای هەناردەی کرماشان لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتووەتە 1 ملیار و 364 ملیۆن دۆلار.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: لەم ماوەیەدا 248 ملیۆن دۆلار لەڕێگەی مەرزی خوسرەوییەوە، 241 ملیۆن دۆلار لەڕێگەی مەرزی سۆمارەوە، 211 ملیۆن دۆلار لەڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوە، 55 ملیۆن دۆلار لەڕێگەی مەرزی شێخ سڵە و نزیکەی 10 ملیۆن دۆلاریش لەڕێگەی مەرزی شۆشمیەوە هەناردە کراوە.
ئەحمەدی نەسر گوتیشی: لە ئێستادا خوسرەوی لە پلەی یەکەم و سۆمار لە پلەی دووەم و پەرویزخانیش لە پلەی سێیەمی هەناردەی پارێزگاکەدایە و بەرزکردنەوەی پێگەی سۆماریش ئاماژەیە بۆ توانای گرنگی ئەم سنوورە.
بریکاری کاروباری گومرگی لە بەشی چاودێری گومرگی پارێزگاکە بە ئاماژەدان بەوەی کە کرماشان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەمیشە لە پلەی یەکەمی هەناردەکردن بۆ عێراقدا بووە بە پشکی نزیکەی لەسەدا 40 بۆ 50، زیادیشی کرد: لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی لەسەدا 39ی هەناردەکردنی وڵات بۆ عێراق لە ڕێگەی سنوورەکانی کرماشانەوە ئەنجامدراوە.
ناوبراو هەروەها توانای هاتوچۆی ڕۆژانەی نزیکەی سێ هەزار بارهەڵگری لە سنورەکانی پارێزگاکەوە ڕاگەیاند و وتیشی: تێکڕای هاتوچۆی بارهەڵگر له پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 1 هەزار بارهەڵگر بووە له ڕۆژێکدا، هەروەها زۆرترین هاتوچۆی ڕۆژانه گەیشتووەتە 2 هەزار و 211 بارهەڵگر.
ئەحمەدی نەسر هەروەها وتیشی: لەم ماوەیەدا 111 ملیۆن دۆلار کاڵا لە سنوورەکانی پارێزگاکەوە هاوردە کراوە، کە زۆربەیان کاڵای سەرمایە و مەکینەی هێڵی بەرهەمهێنان و کەرەستەی خاویان لەخۆگرتبوو.