ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ڕۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی سەبارەت بە هۆشداری محەمەد بن زاید بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، نزیکەی ١٠ ڕۆژ پێش ئۆپەراسیۆنی ٧ی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە پەردەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان ئەبوزەبی و تەلئەبیبی هەڵگرت؛ ڕاپۆرتێک کە هەرچەندە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕەتیکردەوە، بەڵام وەڵامی ئیمارات بۆی، لەبری ئەوەی بەڕوونی ڕەتی بکاتەوە، جەخت لەسەر بوونی کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەرپرسانی هەردوولا و گواستنەوەی زانیارییەکان دەکاتەوە ئەگەر پێویست بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هائارێتز، بن زاید هۆشداری داوەتە ناتانیاهۆ لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەورەی حەماس و تەنانەت ناوی یەحیا سنوەریشی هێناوە. نووسینگەی نەتانیاهۆ ئەو چیرۆکەی ڕەتکردەوە. ئیمارات هەروەها ڕایگەیاندووە کە هیچ لێدوانێک لەسەر ڕاپۆرتە میدیاییەکان و قسە و باسەکان سەبارەت بە گفتوگۆکانی سەرکردەکان نادات، بەڵام پشتڕاستی کردووەتەوە کە کەناڵی کراوە و ڕاستەوخۆی پەیوەندی نێوان هەردوولا هەیە.
ئەم کاردانەوەیە، بەبێ گوێدانە وردبینی یان بە پێچەوانەوە وردەکارییەکانی ڕاپۆرتی هائارێتز، پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت: ئەگەر ئەبوزەبی ئاگاداری ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی فەلەستینی بووبێت، بۆچی لایەنی ئیسرائیلی وەرگری ئەو زانیاریانە بووە؟
هەڵبژاردنی ئیسرائیل وەک وەرگری هۆشدارییەکە، ئەگەر ڕاپۆرتەکە ڕاست بێت، ئەوە نیشان دەدات کە ئاسایشی ئیسرائیل بەشێک بووە لە حیساباتی ئەمنی ئەبوزەبی.
ئەم پرسە ناتوانرێت لە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئیمارات و ئیسرائیل جیا بکرێتەوە. ڕێککەوتنی ئیبراهیم پەیوەندییەکانی هەردوولا لە پەیوەندییەکی سنووردار و پشت پەردەوە گۆڕی بۆ پەیوەندییەکی فەرمی و فراوان کە نەک تەنها ئابووری و بازرگانی، بەڵکو کەرتی ئاسایش و بەرگریش دەگرێتەوە.
لە چوارچێوەیەکی وەهادا ئەگەر بە ڕاستی پێش ٧ی ئۆکتۆبەر ئەو هۆشدارییە هەواڵگرییە گواسترابێتەوە، دەتوانرا وەک نیشانەی ئاستێکی هاوکاری هەواڵگری سەیر بکرێت کە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییە ئاساییەکان تێدەپەڕێت.
بەڵام گرنگی ئەم پرسە بۆ ئێران لە قۆناغی داهاتوودا ئاشکرا دەبێت.
ئەو شەڕەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستیان پێکرد، تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی تاران و واشنتۆن یان تەلئەبیب نییە؛ ئەم شەڕە تۆڕە ئەمنییەکانیش کە لە ناوچەکەدا پێکهاتووە، خستووەتە ژێر تاقیکردنەوە.
لە لایەک ئیمارات دراوسێی ئێرانە و یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی کەناراوەکانی باشووری کەنداوی فارس و لە لایەکی دیکەشەوە بووەتە یەکێک لە نزیکترین هاوبەشە ئەمنییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا.
هەروەها لە ماوەی شەڕی ئێستادا، ڕاپۆرتی بەڵگەداریش سەبارەت بە بەکارهێنان یان گواستنەوەی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل بۆ ئیمارات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە.
ئەم پێشهاتانە لەگەڵ بوونی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە و هاوکارییەکانی پێشووی ئەبوزەبی لە بواری بەرگری لەگەڵ واشنتۆن، ئەوە دەردەخەن کە ئیمارات پێگەیەکی تایبەتی لە ئەندازیاریی ئەمنی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کەنداوی فارسدا بەدەستهێناوە.
لەم ڕوانگەیەوە، ڕەنگە مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئەبوزەبی، نەک تەنها گرنگی بە هەڵوێستە فەرمییەکانی بدات سەبارەت بە "نەویستی بڵاوکردنەوەی شەڕ"؛ بەڵام سەیری جۆری هاوبەشە ئەمنییەکان و کەناڵەکانی زانیاری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیش بکەن.
ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە هۆشدارییەکەی بن زاید بۆ نەتانیاهۆ پرسیارێکی جددی دەوروژێنێت: ئایا ئیمارات خۆی لە پێگەیەکی سەربەخۆ لە ئیسرائیل لە بەرامبەر بزووتنەوەی خۆڕاگریدا پێناسە کردووە یان بەرژەوەندی ئەمنی هاوبەشی لەگەڵ تەلئەبیب دۆزیوەتەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەندە قورس نییە، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوتی پەیوەندییەکانی دوای ڕێککەوتنی ئیبراهیم. ئیمارات و ئیسرائیل لانیکەم لە هەندێک بواردا بەرژەوەندی هاوبەشیان دۆزیوەتەوە لەڕووی کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی خۆڕاگری و پێشگرتن لە گۆڕانکاری لە هاوسەنگی ئەمنی ناوچەکەدا. هەروەها ئەم مەسەلەیە دەتوانێ هەڵسوکەوتی ئەبوزەبی بەرامبەر بە شەڕی ئێران زیاتر تێگەیشتوو بکات.
ئیمارات جگە لە هاوکارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، بەشداریی لە دەستدرێژی سەربازیی تەلئەبیب و واشنتۆن بۆ سەر ئێرانیش کردووە، بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی بەڵگەدار، بە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران.
ئەگەر ڕاپۆرتی هۆشداری پێش ٧ی ئۆکتۆبەر لە پاڵ مێژووی هاوکاری ئەمنیی ئیمارات و ئیسرائیل و پێشهاتەکانی بەرگریی ئەم دواییە دابنێین، ئیتر گریمانەی هاوکاری هەواڵگریی نزیک و ئەمنی پرسێکی پەراوێزیی نییە.
لەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی کە لە ناوچەکەدا زاڵ بووە، مەسەلەکە تەنیا ئەوە نییە کە بن زاید لە سەروبەندی ٧ی ئۆکتۆبەردا چی دەزانێت و ئەوەی بە نەتانیاهۆی وتووە؛ پرسێکی گرنگتر ئەوەیە کە ئیمارات بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ کام لایەن لە تەلارسازی نوێی ئەمنی ناوچەکەدا هاوتەریب کردووە.
ڕەنگە ئەبوزەبی بە فەرمی خۆی وەک بێلایەن لە شەڕی ئێراندا نیشان بدات، بەڵام لە سیاسەتی دەرەوەدا هەڵوێستی وڵاتان تەنیا بە لێدوانی فەرمی دیاری ناکرێت؛ تۆڕی هاوکاری ئەمنی و هاوبەشە هەواڵگرییەکانیان و هەڵبژاردنی ستراتیژیش بەشێکن لە وەڵامەکە.
هەر لە هۆشداریی ئیماراتەوە بۆ ناتانیاهۆ پێش ٧ی ئۆکتۆبەر تا هاوکاری هەواڵگری و سەربازی لە شەڕی ئێران، ئەو پرسیارە زیاتر لە جاران دەوروژێنرێت: بەڕاستی ئیمارات لەم گۆڕەپانەدا لەسەر کام دیوی کەنداوی فارس وەستاوە؟