«بافڵ تاڵەبانی» سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانان بە سەردانیکردنی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ «سەید عەباس عێراقچی» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد.
ئەم سەفەرە لەسەر بانگهێشتی سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدراوە و لە چوارچێوەی ڕاوێژکارییە بەردەوامەکانی تاران لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان و پتەوکردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا ئەنجامدرا.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پێشتر سەردانەکەی تاڵەبانی بۆ تاران ڕاگەیاندبوو و ڕاشیگەیاندبوو، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پرسگەلێکی بەرژەوەندی هاوبەش، لەوانە هاوکاری ئابووری و ئاسایشی سنوورەکان تاوتوێ و بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکات.
لەم سەفەرەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سیاسی و حزبی و ئەمنی یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستانی عێراق یاوەری تاڵەبانی دەبن و پێشبینیش دەکرێت پرسەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکە و ڕێگاکانی پتەوکردنی هاریکاری نێوان هەردوولا لە دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ بکرێن.