بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید موستەفا موسەوی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی گەشتیاری ژووری بازرگانی ئێران بە ئاماژەدان بە بارودۆخی ئێستای پیشەسازی گەشتیاری وڵات وتی: لەگەڵ درێژەی کاریگەرییەکانی شەڕ و گەمارۆکان، تەرکیزی چالاکانی گەشتیاری زیاتر لە جاران گۆڕاوە بۆ بازاڕەکانی وڵاتانی دراوسێ، عێراقیش پێگەیەکی تایبەتی لە نێویاندا هەیە.

ناوبراو زیادی کرد: بەشێکی بەرچاو لە توانای کۆمیسیۆنی گەشتوگوزاری ژووری بازرگانی ئێران لەسەر بازاڕەکانی عێراق و ئەفغانستان و پاکستان چڕ بووەتەوە و لە بواری گەشتیاری تەندروستیشدا هێشتا عێراق بە یەکێک لە بازاڕە گرنگەکانی ئێران دادەنرێت.

موسەوی بە ئاماژەدان بەوەی کە زۆرینەی گەشتیارانی تەندروستی کە دێنە ناو ئێرانەوە خەڵکی عێراق، ئەفغانستان و پاکستانن، ئاماژەی بەوەدا: نزیکیی جوگرافی، لێکچوونە کولتووری و ئایینییەکان، ئاسانکاریی گەشتکردن و کەمکردنەوەی تێچووی خزمەتگوزارییە پزیشکی و گەشتیارییەکان لە ئێران، لەو سوودانەن کە دەتوانن بنەمایەک بۆ ڕاکێشانی زیاتری گەشتیارانی تەندروستی عێراقی دابین بکەن.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ژووری بازرگانی ئێران جەختی لەوە کردەوە: "بەکارهێنانی ئەم توانایە پێویستی بە بەهێزکردنی بوونی ئێران هەیە لە بازاڕی عێراقدا و لەو بارەوە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، شاندێک لە ئێرانەوە بۆ بەشداریکردن لە پێشانگای تەندروستی عێراق بنێردرێت. هەروەها ناردنی شاندێک بۆ هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لە بەرنامەی کاردایە بۆ ئەوەی ڕێگاکانی دووبارە بەهێزکردنی بازاڕی گەشتیاری تەندروستی و زیادکردنی بوونی بازاڕەکانی ئێران، پشکنینی بۆ بکرێت.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پشتیوانیکردنی چالاکوانانی پیشەسازی گەشتیاریی بە پێویست زانی بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخی ئێستا و وتی: زیادکردنی خۆڕاگری دارایی کارگەکانی گەشتیاری دەتوانێت ڕێگری بکات لەوەی کە، کەرتەکە بەر زیانی زیاتر بکەوێت.

موسەوی پێشنیاری کرد کە ماوەیەکی درێژتر بۆ خەرجکردنی باج و بیمە لەلایەن چالاکانی گەشتیارییەوە لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها حکومەت بەشێک لەو پابەندبوونانە بە پارەی کاش لە ئەستۆ بگرێت و لە شێوەی ئاسانکاری یان قەرزدا بۆ چالاکوانان دابین بکات.