ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە گوتارێکە بە قەڵەمی "جەهانبەخش سەنجابی شیرازی"، سکێرتاری گشتی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق، کە باس لە وردەکارییەکانی ئەم بابەتە دەکات:
بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانی هەناردەکردن کە 29ی ڕەزبەرە باشتر وایە چاوێک لە دۆخی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق بخشێنین.
پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری عێراق، بە هۆی تایبەتمەندییە مێژوویی، جوگرافی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە ناوازەکانی دوو وڵات، لە سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی ناوچەکەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
عێراق تەنیا بازاڕێکی هەناردەکردن نییە بۆ ئێران، ئێرانیش تەنیا دابینکەری کاڵا و وزە نییە بۆ عێراق؛ بەڵکو دوو ئابووریی دراوسێ توانای تەواوکەری یەکتریان هەیە و چەندین سوودی هاوبەشیان هەیە کە ئەگەر سیاسەتی دروست بگیرێتەبەر، دەتوانێت پەیوەندییەکی سەقامگیر و ستراتیژی لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان، وزە، ترانزێت و خزمەتگوزارییەکاندا، پێکبهێنرێت.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و عێراق بووەتە یەکێک لە گرنگترین شوێنەکانی هەناردەکردنی ئێران.
بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە پێکهاتەی ئێستای ئەم بازرگانییە هێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو دوورە لە توانا ڕاستەقینەکانی ئەو دوو وڵاتە.
هێشتا زۆرینەی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە شێوەی هەناردەکردنی کاڵاکان لە ئێرانەوە بۆ عێراق پێناسە دەکرێن؛ لەم نێوەندەدا، داهاتووی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێ لەسەر بنەمای بازرگانی هاوسەنگتر، وەبەرهێنانی هاوبەش، بەرهەمهێنانی هاوبەش، هەناردەکردنی خزمەتگوزارییەکان، پەرەپێدانی ژێرخانی سنوورەکان و پێکهێنانی زنجیرە بەها هاوبەشەکان دابڕێژرێت.
بازاڕی عێراق؛ دەرفەتێک لە دەرەوەی هەناردەکردنی کاڵا
لە ساڵانی ڕابردوودا ئابووری عێراق لەسەر ڕێگای ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی بووە و پێویستییەکی بەرفراوانی هەیە لە بوارەکانی وزە، کارەبا، ئاو، گواستنەوە، نیشتەجێبوون، پیشەسازی خۆراک، کشتوکاڵ، تەندروستی، تەکنەلۆژیای زانیاری و خزمەتگوزاری شارەوانی.
ئەم پێداویستیانە دەرفەتێکی بەرچاو بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان دەڕەخسێنن؛ بەڵام سودوەرگرتن لەم دەرفەتە پێویستی بە گۆڕینی دیدگا هەیە لە "فرۆشتنی کاڵاکان"ەوە بۆ "ئامادەبوونی ئابووری" لە عێراقدا.
ئێران لە زۆرێک لەو بوارانەدا سوودی بەرچاوی هەیە. توانای تەکنیکی و ئەندازیاری، توانای بەرهەمهێنان، زانیاری تایبەتمەند، نزیکیی جوگرافی، تێچووی گواستنەوەی تاڕادەیەک کەم و یەکتر ناسینی بازاڕ، سوودەکانی بەردەستە بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان.
بەڵام بەتەنها سوودی جوگرافی بەس نییە بۆ پاراستنی بازاڕی عێراق.
بوونی ڕکابەرە بەهێزەکانی وەک تورکیا و چین و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە ئەوە دەردەخات کە کۆمپانیایەکی ئێرانی بۆ ئەوەی لە بازاڕی عێراقدا بمێنێتەوە، پێویستە کوالیتی و براند و خزمەتگوزاری دوای فرۆشتن و دارایی و خێرایی گەیاندنی وەک پێکهاتە سەرەکییەکانی کێبڕکێ قبوڵ بکات، کە ئەمانە سەرەڕای نرخی کێبڕکێیەتی.
لە لایەکی تریشەوە عێراق دەتوانێت زیاتر بێت لە بازاڕێکی بەکاربەر بۆ ئێران.
تواناکانی وڵاتی عێراق لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ، وەبەرهێنان، ترانزێت و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی عەرەبی دەتوانێت زەمینە بۆ پێکهێنانی هاوکاری دوولایەنە خۆش بکات.
پرسێکی تری گرنگ، نەبوونی هاوسەنگی بازرگانییە
پێکهاتەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دوو وڵات بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەرژەوەندی هەناردەی ئێراندا بووە.
هەرچەندە زیادکردنی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ڕوانگەی پەرەپێدانی بازاڕەکانی دەرەوە و بەدەستهێنانی دراوی بیانییەوە گرنگە، بەڵام لە درێژخایەندا گرنگی دروستکردنی هاوسەنگی ڕێژەیی لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵاتدا نابێ، چاوپۆشی لێبکرێت.
مەرج نییە چارەسەری ئەم پرسە زیادکردنی هاوردەکردنی کاڵای بەکاربەر بێت لە عێراقەوە.
هاوسەنگی ئابووری پەیوەندییەکان دەتوانرێت هاوسەنگتر بکرێت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنانی هاوبەش، هاوردەکردنی کەرەستەی خاو، هاوکاری کشتوکاڵی، کڕینی خزمەتگوزاری، بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی ژێرخانی و دامەزراندنی کۆمپانیای هاوبەش.
لە ڕاستیدا ئەوەی پێویستە بەدوایدا بگەڕێت "بازرگانی هاوسەنگ"ە، مەرج نییە هاوسەنگییەکی بازرگانی تەواو یەکسان بێت.
گواستنەوە لە هەناردەکردنەوە بۆ بەرهەمهێنانی هاوبەش
یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی بۆ بەرەو پێش بردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، گواستنەوەیە لە بازرگانییەوە بۆ بەرهەمهێنانی هاوبەش.
لە بوارەکانی وەک خۆراک، دەرمان، کەرەستەی بیناسازی، پاکەتکردن، ئامێری کشتوکاڵی، پیشەسازی کیمیایی و هەندێک پیشەسازی سووک، ئەگەری دروستکردنی یەکەی هاوبەش هەیە.
لە مۆدێلێکی وادا ئێران دەتوانێت بەشێک لە تەکنەلۆژیا و کەرەستەی خاو و زانیاری تەکنیکی دابین بکات و عێراقیش دەتوانێت سوود لە توانای بازاڕ و سەرمایە و ژێرخانی و شوێنی جوگرافی وەربگرێت.
جگە لە دروستکردنی بەهای زیادکراوی زیاتر، ئەم مۆدێلە دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانی زیاتر خۆڕاگر بێت بەرامبەر بە پچڕانی سنوورەکان، زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و هەندێک سنووردارکردنی دەرەکی.
وزە و ترانزێت؛ دوو کۆڵەکەی ستراتیژی
وزە وەک یەکێک لە گرنگترین میحوەرەکانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق دادەنرێت.
هاوکاری لە بوارەکانی کارەبا و گازدا، جگە لە گرنگی ئابوورییەکەی، ڕەهەندی ستراتیژی هەیە و پێویستی بە میکانیزمی درێژخایەن و شەفاف و پێشبینیکراو هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پابەندبوونەکان و بەردەوامی هاوکاری.
هاوکات لەگەڵ وزە، ترانزێت دەتوانێت ئاسۆیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا دروست بکات. پێگەی جوگرافیای عێراق ئەگەری بەستنەوەی ئێران بە بازاڕەکانی عەرەبی و دەریای ناوەڕاستەوە دەڕەخسێنێت و ئێران دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە بەستنەوەی عێراق بە ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز و ڕێگاکانی ڕۆژهەڵات.
لەم ڕوانگەیەوە، پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و تێرمیناڵە سنوورییەکان نابێت بەس بە پرسێکی گومرگی هەژمار بکرێت؛ بەڵکو بەشێک بێت لە ستراتیژی ژێئۆئێکۆنۆمیک ئەو دوو وڵاتە.
پێویستی گۆڕینی ڕێباز
پێدەچێت کاتی ئەوە هاتبێت کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق لە بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی کێشەکان تێپەڕن و بچنە قۆناغی داڕشتنی سیاسەتی درێژخایەن.
لەم ڕێگایەدا حکومەتەکان دەبێت زەمینە دابین بکەن، بەڵام یاریزانی سەرەکی دەبێت کەرتی تایبەت بێت. هەروەها ژوورە بازرگانییەکانی هەردوو وڵات دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە دەستنیشانکردنی ئاستەنگەکان و گەیاندنی پرسی ئەکتەرە ئابوورییەکان و هەڵسەنگاندنی بەردەوامی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان.
بەم پێیە، بە بۆچوونی نووسەر، چەندین کردەوەی تایبەت دەتوانن ڕێڕەوی بازرگانی ئەو دوو وڵاتە بەرەو قۆناغێکی نوێ ببەن:
یەکەم: دانانی میکانیزمێکی هەمیشەیی و ئاست بەرز بۆ هەماهەنگی سیاسەتی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان ئێران و عێراقدا، کە بڕیارەکانیان هێڵی کاتی و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دیاریکراویان هەیە.
دووەم: داڕشتنی میکانیزمێکی دارایی جێگیر و شەفاف بۆ یەکلاکردنەوەی مامەڵە بازرگانییەکان، بە پابەندبوون بە یاسا ناوخۆییەکانی هەردوو وڵات و مەرجە نێودەوڵەتییەکان، بە شێوەیەک کە مەترسی گواستنەوەی پارە بۆ ئەکتەرە ئابوورییەکان کەم بکاتەوە.
سێیەم: دامەزراندنی یەک پەنجەرەی گومرگی و هاوئاهەنگ لە سنوورەکانی هەردوو وڵات و هەنگاونان بەرەو دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکان و کۆنترۆڵەکان و پرۆسەی ئیزندان بە کاڵا.
چوارەم: دروستکردنی ڕێڕەوی بازرگانی سەوز بۆ کۆمپانیا و کاڵاکان کە پێشینەیەکی شەفافیان هەیە و پابەندبوون بەو ستانداردانەی کە هەردوو وڵات لەسەری ڕێککەوتوون.
پێنجەم: داڕشتنی پلانێکی دیاریکراوی پێنج ساڵە بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان ئێران و عێراق بە ئامانجی چەندایەتی و پێوانەکراو لە بوارەکانی کاڵا، وزە، خزمەتگوزاری، وەبەرهێنان، ترانزێت، گەشتوگوزار.
شەشەم: دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ گەرەنتی بازرگانی و بیمە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی مامەڵەکردن، بەتایبەتی بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان.
حەوتەم: پاڵپشتیکردنی پێکهێنانی کۆنسۆرتیۆمی ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە پرۆژە گەورەکانی عێراق لە بوارەکانی کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان، نیشتەجێبوون، وزە، تەندروستی، و تەکنەلۆجیای زانیاری.
هەشتەم: پەرەپێدانی ناوچە ئابووری و پیشەسازییە هاوبەشەکان لە خاڵە سنوورییە هەڵبژێردراوەکان و گۆڕینی سنوورەکان لە شوێنی ترانزێت و هاتووچووی کاڵاوە بۆ ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و خزمەتگوزاری لۆجستی.
نۆیەم: دروستکردنی میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ پاڵپشتیکردنی براند و کۆمپانیا ئێرانییەکان لە بازاڕی عێراق و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان دوای فرۆشتن و بەبازاڕکردنی پیشەیی و زانیاری ورد لەسەر بازاڕ و بەکارهێنەری عێراقی.
دەیەم: داڕشتنی "نەخشەڕێگای پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق تا ساڵی ٢٠٣٠" بە بەشداری حکومەتەکان، ژوورەکانی بازرگانی، بانکەکان و کەرتی تایبەتی دوو وڵات؛ بەڵگەنامەیەک کە دەزگای بەرپرسیار، کات، سەرچاوە و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن بۆ هەر ئامانجێک دیاری دەکات.
قسەی کۆتایی
ئێران و عێراق لە دۆخێکدان کە بەردەوامیی پەیوەندییە ئابورییە هەنووکەییەکان بە تەنیا لە ئاست تواناکانی ئەو دوو وڵاتەدا ناگونجێت.
پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، ئاستەنگە داراییەکان، گۆڕانی ڕێڕەوی بازرگانی جیهانی و زیادبوونی کێبڕکێی وڵاتانی سێیەم لە بازاڕی عێراقدا، وایکردووە کە پێویستی دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە جاران زیاتر دەربکەوێت.
ئایندەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق تەنیا لە زیادبوونی چەند ملیار دۆلاری هەناردەکردندا نابێت. پرسی بنەڕەتی زیادکردنی قووڵی و کوالیتی و بەردەوامیی و خۆڕاگری پەیوەندییە ئابوورییەکانە.
ئەگەر ئێران و عێراق بتوانن لە مۆدێلی "فرۆشیار و کڕیار"ەوە بچنە مۆدێلی "هاوبەشی ئابووری"، دەکرێت سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە ڕێڕەوێکەوە بۆ تێپەڕاندنی کاڵاکان بگۆڕدرێت بۆ ڕێڕەوی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان، وزە و ترانزێتی ناوچەیی.
لە چوارچێوەیەکی وادا عێراق بۆ ئێران تەنها جێگای هەناردەکردن نابێت و ئێرانیش تەنها بە دابینکردنی کاڵا و وزە بۆ عێراق نامێنێتەوە؛ بەڵکو هەردوو وڵات دەتوانن هەندێک لە توانا ئابوورییەکانیان لە شێوەی بەرژەوەندی هاوبەش و وەبەرهێنانی هاوبەش و زنجیرە بەها هاوبەشەکاندا بەیەکەوە ببەستنەوە.
ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەتوانرێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق لە "بازرگانی دراوسێ"وە بەرەو "شەراکەتێکی ئابووری ستراتیژی" بەرز بکرێتەوە؛ هاوبەشییەک کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر، بەرژەوەندی هاوبەش، سەروەری نیشتمانی دوو وڵات و ڕۆڵێکی ڕاستەقینە بۆ کەرتی تایبەت.