وتەبێژی سوپای ئێران جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی بەردەوام توانای بەرگری و سەربازیی خۆیان بەرز دەکەنەوە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخ و ئەگەرێک لە تەواوی ئامادەباشیدان.

ئەمیر سەرتیپ محەممەد ئەکرەمی‌نیا، وتەبێژی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هێزەکانی لیوای ٦٥ی هێزە تایبەتەکانی پەرچەکرداری خێرا (کڵاوسەوزەکان)ی هێزی زەمینی، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی ئەم هێزە کرد و گوتی: «لیوای ٦٥ یەکەیەکی ستراتیژییە و ئەرکەکانی تەنیا لە ئاستی تاکتیکیدا کورت نابنەوە، بەڵکوو ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی خاوەن ڕەهەندی ستراتیژین.»

وتەبێژی سوپا ئاماژەی بە «هەڵەی حیساباتی دوژمن» لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێستادا کرد و ڕایگەیاند: «دوژمن پێی وابوو لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەتوانێت توانای هێزە چەکدارەکانی ئێران لەناو ببات و بگاتە ئامانجەکانی، بەڵام خۆڕاگریی سوپا و خەڵک تەواوی حیساباتەکانیانی تێکدا.»

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: «ئامانجەکانی دوژمن تەنیا لە پرسی ئەتۆمی، مووشەکی یان بەرەی مقاوەمەدا قەتیس نەمابوون، بەڵکوو ئامانجی گەورەتریان دەپێکاو هەوڵی ڕووخاندنی دەسەڵات و دابەشکردنی ئێرانیان دەدا، بەڵام لە جێبەجێکردنی هیچکام لەم ئامانجانەدا سەرکەوتوو نەبوون.»

ئەکرەمی‌نیا وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی پێداگری و هۆشیاریی گەل لە پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکان، بارودۆخی ناوخۆی ئەمریکاشی خستە بەر باس و گوتی: «سەرۆکی ئەمریکا لە لایەکەوە لەژێر گوشاری توندی لۆبی سەهیۆنیستیدایە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی توند لە دژی ئێران، لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ دژایەتیی شەقامی ئەمریکی بۆ هەر جەنگێک دژ بە تاران بەرەوڕووە؛ ئەم هاوکێشەیەش بڕیاردانی بۆ کۆشکی سپی زۆر ئاڵۆز و سەخت کردووە.»

لە کۆتاییدا، وتەبێژی سوپای ئێران دووپاتی کردەوە کە سەرجەم جووڵە و هەڕەشەکان بە وردی لەژێر چاودێریدان و وڵاتەکەی لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدایە.