جام کوردی:
حکومه‌تی میسر له بارودۆخێکی ناله‌باردا تێپه‌ڕ ده‌بێت. به‌رپرسانی حکومی له بارودۆخێکی نیگه‌رانی و وهیلانیدان و هه‌ل و مه‌رج به ته‌واوی له ژێر کۆنتڕۆڵ‌دا نییه. هه‌ل و مه‌رجه‌که وه‌ک دوا ڕۆژه‌کانی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی محه‌ممه‌د مورسییه و مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که ئه‌و ئه‌زموونه دووپات بکرێته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که لایه‌نگرانی سیسی هه‌ندێک وڵاتی ده‌ره‌کی به تاوانباری دۆخه‌که ده‌زانن، به‌ڵام میسرییه‌کان و به‌رپرسه‌کانیان به که‌مته‌رخه‌می سه‌ره‌کی له‌م پێناوه‌دا داده‌نرێن.
بۆ گه‌یشتن به هۆکاره‌کانی وه‌ها بارودۆخێک له‌و وڵاته‌دا، زانایی سیاسی ئه‌وتۆ پێویست نییه. هه‌ڵه‌کانی سیسی له ساڵی 2013 و خستنه‌ڕووی بیرۆکه‌ی ناسۆنالیزمی توندڕۆوانه، به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی ده‌ستبه‌سه‌ربووان و ڕه‌خساندنی که‌ش و هه‌وای ترس و تۆقاندن بۆ میدیاکان ده‌توانێت وه‌ڵامێک بۆ هۆکاره‌کانی بارودۆخی هه‌نووکه‌یی میسر بێت. له به‌رامبه‌ردا حکومه‌ت سه‌رجه‌م ئه‌م هه‌واڵانه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و تاوانه‌کانی خستووه‌ته ئه‌ستۆی کۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین که به ڕای ئه‌وان وه‌ک گرووپێکی تیرۆریستی هه‌ژمار ده‌کرێن.
به گشتی میسر له ماوه‌ی ده ساڵی ڕابردوو ئه‌زموونی ناله‌باری زۆری تێپه‌ڕاندووه.
له‌م ماوه‌دا فڕۆکه‌یه‌کی نه‌فه‌رهه‌ڵگری ڕووسیا به 224 که‌سه‌وه له بیاوانه‌کانی سینا تێکشکا. به‌رپرسانی میسری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که به‌ڵگه‌ی به‌هێزی سه‌لماندنی کێشه‌ی ته‌کنیکی ئه‌و فڕۆکه‌یه له ئاسمان خراوه‌ته‌ڕوو، دان به‌وه‌دا نانێن، له به‌ر ئه‌وه‌ی که بۆ ئه‌وان قبووڵکراو نییه که فڕۆکه‌خانه‌کانیان ستانداردی پێویستی نێوده‌وڵه‌تییان بۆ دابین کردنی ئه‌منییه‌تی گه‌شته ئاسمانییه‌کان نییه. ئه‌م ڕووداوه ده‌توانێت پیشه‌سازی گه‌شتیاری ئه‌و وڵاته ڕووبه‌ڕووی کێشه و گرفتی زۆر بکاته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، حکومه‌تی سیسی به‌و زانیارییانه‌ی که ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کانی ئه‌مریکا و به‌ریتانیا ڕایانگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ری تیرۆریستی بوونی ڕووداوه‌که‌یان ڕه‌ت نه‌کردووه‌ته‌وه و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان داوه که هه‌وڵه‌کانیان به مه‌به‌ستی پته‌وبوونی ئه‌منییه‌تی گه‌شته ئاسمانییه‌کان چڕتر ده‌که‌نه‌وه.
له به‌ره‌ی ناوخۆییشدا بارودۆخه‌که ئاڵۆزتره. پێشێل کردنی مافی مرۆڤ له وڵاتی میسر به‌رزتر بووه‌ته‌وه. چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو دادوه‌رێک ماوه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ربوونی تۆمه‌تبارێکی به ناوی ئه‌سرا ئهلتهویلی ته‌نیا به هۆی داواکاری وه‌رگرتنی خزمه‌تگوزاری پزیشکی پێویست تا 55 ڕۆژ درێژتر کرده‌وه. ناوبراو فتۆگرافرێکی تۆڕه‌کانی تایبه‌ت به هه‌واڵ بوو که له میانه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ژانۆیه‌ی 2014 فه‌قه‌راتی تووشی کێشه بووه و به تۆمه‌تی توندووتیژی دژ به هێزه ئه‌منییه‌کان و په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ گرووپه تیرۆریستییه‌کان بۆ ماوه‌ی 155 ڕۆژ ده‌ستبه‌سه‌ر کرا، ئه‌مه‌ش له کاتێکدا بووه که هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک تاوانه‌کانی ئه‌و وێنه‌گره‌ی نه‌سه‌لماندووه.
یه‌ک شه‌ممه‌ی ڕابردووش هێزه‌کانی سه‌ر به ده‌زگای هه‌واڵگری سوپای میسر یه‌کێک له ناسراوترین ڕۆژنامه‌نووسان و چالاکانی مافی مرۆڤی ئه‌و وڵاته‌یان به ناوی حوسام بهجهت به تاوانی بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ندین بابه‌ت دژ به سوپا ده‌ستبه‌سه‌ر کرد. له هه‌مان ڕۆژدا سه‌ڵاح ده‌یاب دامه‌زرێنه‌ری ڕۆژنامه‌ی المصری الیوم ده‌ستبه‌سه‌ر کرا. ناوبانگی حوسام بهجهت به هۆی بابه‌ته‌کانیه‌تی سه‌باره‌ت به خستنه‌ڕووی دۆسیه‌کانی تایبه‌ت به گه‌نده‌ڵی له حکومه‌ته‌که‌ی حوسنی موباره‌ک، ئه‌نجومه‌نی باڵای هێزه چه‌کداره‌کان، حکومه‌ته‌که‌ی مورسی و عه‌بدولفه‌تاح سیسییه. بهجهت له گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی به ناوی عومه‌ر حه‌مزه‌وی دوو که‌س له ئازادیخوازه‌کان بوون که له میسردا مابوونه‌وه. حه‌مزه‌وی له مه‌ترسی ده‌ستبه‌سه‌ربوونی، وڵاتی میسری به جێ هێشتووه. گرنگترین هۆکاری ئه‌م ڕه‌وتی سه‌رکووت و گوشارانه ئه‌وه‌یه که ئازادیخوازه‌کان جیاوازی ئه‌وه‌ی که حکومه‌تی سیسی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ی که له وڵات‌دا ده‌بینرێت بۆ خه‌ڵک ڕوون ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی که به‌رپرسانی میسری نیگه‌ران کردووه ئه‌وه‌یه که به‌ره‌ی ئازادیخوازی له میسر بیر له به‌دیلێکی دیکه بۆ حکومه‌تی وڵاته‌که‌یان بکه‌نه‌وه و ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی سه‌ره‌کییه له سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی سیسی.
له ڕه‌خنه‌کان به‌رامبه‌ر به کارکۆی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی عه‌بدولفه‌تاح سیسی ده‌توانین بڵێین که ناوبراو له‌وه‌دا سه‌رکه‌توو نه‌بووه که وانه‌ی پێویست له هه‌ڵه‌کانی حکومه‌تی موباره‌ک وه‌ربگرێت. حکومه‌تی نوێی میسر به به‌کارهێنانی ڕاده‌به‌ده‌ری زه‌بر و زۆر، توندووتیژی و فریو له ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی حوسنی موباره‌ک ده‌چێت. ده‌ره‌نجامی کۆتایی گۆڕانکارییه‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردووی میسر، ئه‌و وڵاته‌ی کردووه‌ته مه‌ڵبه‌ندی ئاڵۆزترین هه‌ل و مه‌رجی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. هه‌وڵه له‌رزۆک و به ئاکام نهگهیشتووهکان به مه‌به‌ستی مسۆگه‌رکردنی ڕه‌وایه‌تی ده‌ره‌نجامی پێچه‌وانه‌ی هه‌بووه. مێژووی هاوچه‌رخی میسر پیشان ده‌دات که ئه‌و وڵاته تا ئێستا هه‌ل و مه‌رجی وای به خۆوه نه‌بینیوه. وێرانکاری له ناوخۆوه باشترین ده‌سته‌واژه‌ی پێناسه‌ی میسری ئه‌مڕۆیه.
نووسه‌ر: ستیڤن کوک
سه‌رچاوه:شورای روابط خارجی
وه‌رگێڕان: جام کوردی