جام کوردی:
هاوکات له گه‌ڵ یادی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستی ئیسلام حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د مسته‌فا (د.خ) و حه‌وته‌ی یه‌کڕیزی نێوان سوننه و شێعه، ڕێ و ڕه‌سمێکی تایبه‌ت له شاری پاوه به ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی باڵای پارێزگای کرماشان و میوانانی پارێزگای کوردستان و هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئه‌مساڵیش وه‌ک ساڵانی ڕابردوو، پاوه میواندارێتیی له جێژنی گه‌وره‌ی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئازیز و مانگی مه‌ولوود کرد، جیاوازی ڕێ و ڕه‌سمه‌که‌ی ئه‌مساڵ له‌وه‌دا بوو که زیاتر له سێ هه‌زار که‌س له خه‌ڵکی قه‌زاکه و ناوچه‌ی ئه‌ورامانات، زانایانی ئائینی و به‌رپرسانی باڵای ئیداری پارێزگای کرماشان و میوانانی پارێزگای کوردستان و هه‌روه‌ها هه‌رێمی کوردستان له‌م ڕێ و ڕه‌سمه به‌شکۆیه‌دا به‌شدارییان کردووه.
ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه به ئاماده‌بوونی ئایه‌تووڵا عوله‌ما نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه و وتارخوێنی هه‌ینی کرماشان، ئه‌سه‌دووڵا ڕازانی پارێزگاری کرماشان، لیوا به‌همه‌ن ڕه‌یحانی فه‌رمانده‌ی سوپای نه‌بی ئه‌کره‌می پارێزگای کرماشان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌زگای دادی پارێزگا، ئه‌وقاف و کاروباری خێرخوازی، ده‌زگای خێرخوازی ئیمام خومه‌ینی (ره) و گومرۆکی کرماشان، لیوا ئه‌حمه‌دی پور و لیوا شه‌یخی، ئیمام و وتارخوێنه‌کانی سنه، جوانڕۆ، سه‌لاسی باوه‌جانی و ڕوانسه‌ر، قایمقامی قه‌زاکانی پاوه، جوانڕۆ، ڕوانسه‌ر و سه‌لاسی باوه‌جانی، فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سنوری سلێمانی و میوانانێک له شاره‌کانی هه‌ڵه‌بجه، سلێمانی و که‌رکوک به‌ڕێوه‌چوو.
مامۆستا مه‌لا قادر قادری:
گه‌وره‌ترین نێعمه‌ت، هاودڵی و پێکه‌وه‌بوونمانه
وتارخوێنی هه‌ینی شاری پاوه له‌م ڕێ و ڕه‌سمه‌دا وتی: گه‌وره‌ترین نێعمه‌ت له به‌ڕێوه‌چوونی وه‌ها ڕێ و ڕه‌سمێک، پێکه‌وه‌بوون و یه‌کێتی نێوان شێعه و سوننه‌یه به پێی ئایه‌تی پیرۆزی ” وَاعْتَصِمُواْ بِحَبْلِ اللّهِ جَمِیعًا وَلاَ تَفَرَّقُواْ…” و هه‌روه‌ها ئاشنایه‌تی له گه‌ڵ ژیانی ئه‌و که‌سانه‌یه که خودای گه‌وره سوێندی به‌وانه‌وه خواردووه.
مامۆستا مه‌لا قادر قادری مانه‌وه‌ی ئائینی به بانگه‌شه و ڕێنمایی زانی و وتی: زانایان و ئاگایانی دین له هه‌وڵی په‌ره‌پێده‌رانی ئائینن. وتیشی: وه‌ها ڕێ و ڕه‌سمێک به دڵنیاییه‌وه خێر و به‌ره‌که‌تی به‌دواوه ده‌بێت و گردبوونه‌وه‌ی ئێمه له سه‌ر خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ری خودایه و به‌م پێکه‌وه‌بوونه‌مان ده‌توانین په‌یامی ئائینی پیرۆزی ئیسلام بگوازینه‌وه.
ناوبراو له به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانیدا به ئاماژه به کێشه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهانی ئیسلام، وتی: ئه‌و کاته‌ی که له واشنتن، سوید و ئیتالیا بۆ ئاسایش و به‌خته‌وه‌ری موسڵمانان بڕیار ده‌ده‌ن، ده‌بێت چاره‌نووسی ئه‌و گه‌له‌ی چۆن بێت که گورگه‌کان بڕیاریان له سه‌ر ده‌ده‌ن.
مامۆستا قادری پیلانه‌کانی دوژمنانی ئیسلامی وه‌بیر هێنایه‌وه و توندڕۆیی به کێشه‌یه‌کی هه‌ره گه‌وره‌ی جیهانی ئیسلام ناو برد که شه‌ڕی مه‌زهه‌بیی لێ ده‌که‌وێته‌وه و له درێژه‌دا داوای له زانایانی ئیسلامی کرد له پێناو ئارامی و ئاسووده‌یی دانیشتووانی وڵاتانی ئیسلامی، هۆشیاری وه‌ک بنه‌مایه‌کی سه‌ره‌کی له به‌رچاو بگرن و له که‌وتنه داوی وڵاتانی داگیرکا‌ر خۆیان به دوور بگرن.
وتارخوێنی هه‌ینی پاوه سه‌ر له نوێ خۆشحاڵی خۆیی سه‌باره‌ت به به‌شداری میوانان به تایبه‌ت میوانانی هه‌رێمی کوردستان له‌م ڕێ و ڕه‌سمه‌ی یادی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئازیزه‌دا ده‌ربڕی.
مامۆستا قادری به ئاماژه به‌وه‌ی که هه‌ر کوردێک خۆی به ئێرانی ده‌زانێت، کاریگه‌ری هاتووچۆی دانیشتووانی هه‌ر دوو دیوی سنوری له بواری فه‌رهه‌نگی و ئابوری به گرنگ و کاریگه‌ر زانی و داوای له فواد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ کرد له پێناو ئاسانکاری هاتووچۆی یاسایی خه‌ڵک له سنوری شۆشمێ هاوکار و پشتیوان بێت.
وتارخوێنی هه‌ینی شاری پاوه داوای له فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سنوری سلێمانی کرد به پێی هاوبه‌شی زۆری نێوان دانیشتووانی ناوچه‌ی ئه‌ورامانات و هه‌رێمی کوردستان، پرسی هاتووچۆی خه‌ڵک له سنوری شۆشمێ به په‌له جێبه‌جێ بکرێت و وتی: ئێران ماڵی دووه‌می ئێوه‌یه.
ئایه‌تووڵا عوله‌ما:
دوژمنان له سه‌ر گه‌نجانی ئێمه وه‌ک سه‌رمایه‌ی وڵات پیلان داده‌ڕێژن
له درێژه‌ی ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه‌دا نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه و وتارخوێنی هه‌ینی کرماشان به ئاماژه به گه‌وره‌یی و پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) وتی: ئێمه ناتوانین سه‌باره‌ت به پێغه‌مبه‌ری ئیسلام لێدوان بده‌ین، له به‌ر ئه‌وه‌ی که خوای گه‌وره خۆی سه‌باره‌ت به‌و که‌سایه‌تییه به‌رزه فه‌رمووده‌ی هه‌یه. ” إِنَّ اللهَ وَ مَلائِکَتَهُ یُصَلُّونَ عَلَى النَّبِیِّ یا أَیُّهَا الَّذینَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَیْهِ وَ سَلِّمُوا تَسْلیما“ئه‌گه‌ر به ته‌نیا له سه‌ر ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه ورد بینه‌وه بۆ ئێمه به‌س ده‌بێت.
ئایه‌تووڵا عوله‌ما وێڕای ده‌ستخۆشی له به‌ڕێوه‌به‌رانی وه‌ها ڕێ و ڕه‌سمێک که به ناوی پێغه‌مبه‌ری خودا به‌ڕێوه ده‌برێت، ئاماژه‌ی به پیلانی دوژمنانی ئیسلام دا و وتی: دوژمنان له سه‌ر گه‌نجانی ئێمه پیلان داده‌ڕێژن، به تێڕوانینی ئه‌وان سه‌رمایه و داهاتی وڵاتی ئێمه نه‌وت و گاز نییه، به‌ڵکوو چینی گه‌نجه که بیر و هزری ئه‌وان کاریگه‌ری زۆری له سه‌ر خه‌ڵک هه‌یه. پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیش هه‌ر بۆ زانیاری و ئاگایی خه‌ڵک تێکۆشانی ده‌کرد. ئه‌م ڕێ و ڕهسمهش خۆی ئاگاییمان پێ ده‌به‌خشێت و پێویسته له مامۆستا مه‌لا قادر قادری وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێ و ڕه‌سمه‌که ده‌ستخۆشی بکه‌م.
ناوبراو به ئاماژه به ئه‌رک و ڕاسپارده‌ی موسڵمانان وتی: پێویسته هه‌وڵی پاراستنی ئیسلام بده‌ین و له کۆبوونه‌وه‌م له گه‌ڵ زانایانی سوننه مه‌زهه‌ب، هه‌رده‌م ئه‌وه‌م ڕاگه‌یاندووه که پێویسته بنه‌ماکانی بیر و هزری ئیمام شافیعی پارێزراو بێت و بکرێته کردار، له به‌ر ئه‌وه‌ی که دوژمنان له پێناو ڕووخاندنی بنه‌ماکانی بیر و هزری ئیسلام پیلان داده‌ڕێژن و پێویست به‌وه ده‌کات که هۆشیاری خۆمان بپارێزین.
پارێزگاری کرماشان:
برایه‌تی و پێکه‌وه‌بوون، یه‌کێک له گرنگترین په‌یامه‌کانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه
له درێژه‌ی ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه‌دا پارێزگاری کرماشان وێڕای پیرۆزبایی هاتنی مانگی مه‌ولوود و یادی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئازیز (د.خ) و به‌خێرهاتنی سه‌رجه‌م میوانانی ناوخۆیی و هه‌رێمی کوردستان و ده‌ستخۆشی له به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕی و ڕه‌سمه‌که به تایبه‌ت مامۆستا قادری، وتی: له کۆی گشتی ئه‌و په‌یامانه‌ی که پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ی ئیسلام (د.خ) بۆ موسڵمانان و مرۆڤایه‌تیی به دیاری هێناوه، بانگه‌وازی برایه‌تی و پێکه‌وه‌بوونه که وه‌ک یه‌کێک له سه‌ره‌کی ترین په‌یامه‌کانی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره ئازیزه پێویسته له ژیانی مرۆڤه‌کاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت.
ئه‌سه‌دووڵا ڕازانی وه‌بیری هێنایه‌وه: به پێچه‌وانه‌ی ئائینه‌کانی دیکه، به ته‌نیا ئائینی ئیسلامه که به هۆی هه‌بوونی کتێبی پیرۆزی قورئان جیاوازی له گه‌ڵ ئائینه‌کانی دیکه هه‌یه.
ناوبراو به ئاماژه به‌وه‌ی که جیهانی ئیسلام به هۆی پیلان و دوژمنایه‌تی و ناکۆکی نێوان موسڵمانان تووشی کێشه و گرفتی زۆر بووه‌ته‌وه، ته‌نیا ڕێگای ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ی به گه‌ڕانه‌وه بۆ یه‌کێتی و هاوده‌نگی نێوان موسڵمانان به پشت به‌ستن به قورئان و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر ناو برد.
پارێزگاری کرماشان له به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانیدا به ئاماژه به خاڵی سنوری شۆشمێ و پێویستی ئاسایی بوونی هاتووچۆی خه‌ڵک وتی: له لایه‌ن ئێمه‌وه به‌ستێنی پێویست دابین کراوه و ئه‌گه‌ر لایه‌نی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌یی هه‌بێت له داهاتوویه‌کی نزیکدا ئه‌م سنوره به فه‌رمی ده‌کرێته‌وه.
شایانی ئاماژه‌یه گه‌وره‌ترین ڕێ و ڕه‌سمی مانگی مه‌ولوود و به‌رزڕاگرتنی یادی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستی ئیسلام (د.خ) ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ڕابردوو له مزگه‌وتی گشتی شاری پاوه به به‌شداری زیاتر له سێ هه‌زار که‌س له دانیشتووانی ناوچه‌ی ئه‌ورامانات، پارێزگای کرماشان و به‌رپرسه باڵاکانی ئه‌م پارێزگایه و میوانانێک له پارێزگای کوردستان و هه‌روه‌ها هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.