بە بۆچوونی هەندێک لە شارەزایانی سیاسی، لێدوانەکانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەبارەت بە پێویستی دانوستانی مووشەکی و ناوچەیی لە گەڵ ئێران لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی و ئاشکرابوونی پێدانی 500 هەزار دۆلار بەو گرووپە توندڕۆیانەی کە هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، لە لایەن کەسێکی فەرەنسییەوە، پەیوەندی بە وتووێژە تەلەفوونییەکەی ئەم دواییەی ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە گەڵ محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیەوە هەیە.
چاودێران بە چەشنێک لە سەرسوڕمانەوە لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی باڵای فەرەنسا دەڕوانن کە تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین کە لە سیاسەتە دژە ئێرانەکەی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ماوە تەواوبووی ئەمریکا نزیک بووەتەوە. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەم دواییانە داوای بەرفراوانکردنی بازنەی دانوستانەکانی ناوەکیی کردووە و ڕایگەیاندووە کە دەبێت دۆسیەی مووشەکی و سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەش بگرێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە فەرەنسا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام داوای گەڕانەوەی ئەمریکای بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەکرد و جەختی لەوەش دەکردەوە کە دەبێت ئێران بە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆکانەوە قەرەبوو بکرێتەوە، واتە دژایەتی ئاشکرای تێڕوانینی ترەمپ – پۆمپیۆ سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێران.
بە بۆچوونی چاودێران ئەم گۆڕانکارییە پەیوەندی بە وتووێژە تەلەفوونییەکەی مەکرۆن و بن سەلمانەوە هەیە و لەو بڕوایەدان کە جێنشینی سعوودیە سەرۆک کۆماری فەرەنسای فریو داوە تا وەک جێگرەوەی دوناڵد ترەمپ بۆ پاڵپشتی وڵاتەکەی بە تایبەت لە دژی ئێران کەڵکی لێ وەربگرێت و بەڵێنی ئەوەشی بە ناوبراو داوە کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی فەرەنسا لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی لە مەکرۆن و حیزبەکەی بکات. لە بەرامبەردا مارین لوبان – ڕکابەرەکەی مەکرۆن – لە لایەن ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرێت.
بن سەلمان داوای لە مەکرۆن کردووە کە هەڵوێستێکی جیدیی لە بەرامبەر ئێران هەبێت و ڕەزامەندی بایدن و تیمەکەی بۆ نەگەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی مسۆگەر بکات. هەروەها جێنشینی سعوودیە داوای کردووە کە سەرۆک کۆماری فەرەنسا ڕۆڵی نێوەندگێڕ لە نێوان ئەو و جۆبایدن بگێڕێت و دۆسیەکانی محەممەد بن نایف، جەمال خاشقچی، سەعد جەبری و هەروەها شەڕی یەمەن و ژنە بەندکراوەکانی لە سەر نەکرێتەوە.
پێدەچێت کە بەرپرسانی فەرەنسا دەستبەجێ یەکەم داوای سعوودیەیان بۆ نەگەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی قبووڵ کردووە. لێدوانەکانی ئەم دواییەی ژان ئیۆ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەڵگەیە لە سەر ئەمە و محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە بەرامبەردا وەبیری ناوبراوی هێناوەتەوە کە کارەکەیی وەک وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە فرۆشتنی چەک بە تاوانبارانی شەڕی یەمەن دەستپێکردووە و باشتر وایە کە واز لە پاڵپشتی ئەو کەسانە بێنێت کە دەستیان لە کوشتن و بریندارکردنی هەزاران ژن و منداڵی یەمەنیدا هەیە.
پێدەچێت کە بەشێک لە هاوکارییە داراییەکانی بن سەلمان بۆ کەمپینی هەڵبژاردنەکانی دوناڵد ترەمپ و دیارییەکانی بۆ لایەنگران و هاوپەیمانەکانی ناوبراو لە ناوخۆی ئەمریکا بۆ ڕێگری لە سەرکەوتنی جۆبایدن لە هەڵبژاردنەکان لە ڕێگای فەرەنسییەکانەوە گەیشتووەتە گرووپە توندڕۆکانی لایەنگری ترەمپ لە ئەمریکا. پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە چەند وڵاتێک دەستیان لە پاڵپشتی لەو گرووپانە لە هێرشەکەی سەر کۆنگرێسدا هەیە، بە تایبەت دایتشوویەکی فەرەنسی کە 500 هەزار دۆلار هاوکاری ئەو گرووپانەی کردووە.
وەک دەزانین فەرەنسییەکان هێندە بەخشندە نین کە وەها پارەیەک بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە بەکار بێنن بەڵکوو ئەمە تەنیا لە بن سەلمان و بن زاید لە سعوودیە و ئیمارات سەوز دەبێت کە ئەمەیان لە باب و باپیرانی خۆیان بە میرات بردووە. ئەوان بەوە ڕاهاتوون کە بە پارە خۆیان بەدناو بکەن. ئەوان بەردەوام هەوڵی بە دەستهێنانی لایەنگرێک دەدەن کە کورسی دەسەڵاتیان بۆ بپارێزن.