بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میک واڵاس نوێنەری ئیرلەندا لە پەرلەمانی ئەورووپا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر ڕەخنەی لە هاوکاری و پاڵپشتی وڵاتانی ئەورووپی لە سعوودیە و ئیمارات گرت کە ساڵانێکە شەڕێکی نابەرامبەریان بە سەر خەڵکی یەمەندا سەپاندووە.
ناوبراو وتی کە هاوپەیمانی سعوودیە بە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی یەمەن و لە ئاکامی ئەمەش بە ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە تووشی قەیرانی برسێتی هاتوون.
واڵاس لە درێژەی پەیامەکەیدا پرسیاری ئەوەیکردووە کە بۆ یەکێتی ئەورووپا موڵەتی ئەوە بە ئەندامەکانی دەدات کە چەک و پێداویستی سەربازی بە سعوودیە و ئیمارات بفرۆشن و پاڵپشتی لەم دوو وڵاتە بکەن؟ ئایا گیانی خەڵکی یەمەن گرنگ نییە؟
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە یەمەن بووەتە گۆڕەپانی گەورەترین قەیرانی مرۆڤی ئێستای جیهان. 22 ملیۆن کەس کە لە سەدا 75 ی دانیشتووانی یەمەن پێک دێنن پێویستیان بە هاوکاری مرۆڤدۆستانە هەیە، لەم ژمارەیەش 8 ملیۆن و 400 هەزار کەسیان نازانن کە ژەمە خۆراکی داهاتوویان چۆن و لە کوێ دابین دەکرێت./.