لە کاتێکدا کە سعوودیە بە هۆی ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی نهێنی تیرۆری جەمال خاشقچی و ڕاگرتنی بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی بزوتنەوەی ئەنسارووڵای یەمەن، زۆر نیگەرانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف 35 بە ئیمارات و گرێبەستی فرۆشتنی بۆمبە پێشکەوتووەکان بە سعوودیە بە شێوازی کاتی ڕاگیراوە.
هاوکات حکومەتی ئیتالیا موڵەتی پێشووی هەناردەی چەکی بۆ هەر دوو وڵاتی سعوودیە و ئیمارات بە پێی یاسای 185 ی ساڵی 1999 سەبارەت بە قەدەغەبوونی فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ، هەڵوەشاندووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هیچ موڵەتێکی نوێ بۆ فرۆشتنی چەک بەم دوو وڵاتە دەرناکرێت. ئەم بڕیارانەش لە لایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشوازییان لێکراوە.
هەڵپەساردنی فرۆشتنی چەک لە لایەن ئەمریکاوە بە تێڕوانینی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت لە بەر ئەوەی کە گوشارێک دەخاتە سەر وڵاتانی وەک فەرەنسا و بەریتانیاش تا لە هەنگاوێکی هاوشێوەدا ڕێگری لە قووڵتربوونی قەیرانی مرۆڤی لە یەمەن بکەن.
سەرەڕای ئەوەی کە ئەم هەنگاوە بە لای ئیماراتەوە چاوەڕوانکراو بووە، بەڵام بەشێک لە شارەزایان لەو بڕوایەدان کە بڕیارەکەی ئیدارەی بایدن گوزارشت لە گۆڕینی ستراتیژی ئەمریکا لە گەڵ هاوپەیمانە کۆنەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات. ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی ئەو وڵاتانەی کە کەوتنە داوی سازشت و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەوان بە هۆی تاوانەکانیانەوە هەوڵی بەهێزبوونی سەربازی و دەستەبەرکردنی ئەوە دەدەن کە لە لایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە لێپرسینەوەیان لێنەکرێت.
بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ترسی ئەوەی کە وڵاتانی وەک ئیمارات و بەحرەین کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەو ڕژێمە ئاسایی کردووەتەوە، هەست بەوە نەکەن کە هیچ دەسکەوتێکیان لەم سیاسەتە نەبووە، وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئیدارەی بایدن ڕایگەیاند کە ئەو بڕیارە هیچ کاریگەرییەکی لە سەر پرۆسەی سازشت و پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەو وڵاتانە نابێت.
ڕەنگە پەیوەندییەکانی نێوان جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا و سعوودیە ببێتە یەکێک لە گرنگترین دۆسیەکانی خولی سەرۆکایەتی ناوبراو. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئایا بایدن کۆتایی بە هاوپەیمانی نێوان سعوودیە و ئیمارات دێنێت، یان ئەوەی کە درێژە بە پاڵپشتی لەو وڵاتانە دەدات تا وەک دوناڵد ترەمپ بەردەوام بێت لە سیاسەتی دۆشینی وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی؟ یان ئەوەی کە وڵاتانی وەک ئیمارات کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تەل ئەبیب ئاسایی کردووەتەوە، بەو ڕاستییە دەگەن کە هیچیان دەست نەکەوتووە، بەدەر لە سەرشۆڕی و شکست و بێ متمانەیی لە لایەن خەڵکی خۆیان و گەلانی موسڵمان نەبێت./.