بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی وەک ئاماژەیەک بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا بۆ زیادکردنی چەند وڵاتێکی ناوچەکە لە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران، وتی: بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەو وڵاتانەی کە ئەندامی ڕێکەوتنی ناوەکین، یان ئەمریکا کە ئەگەر بگەڕێتەوە، دەڵێم کە هیچ بڕگەیەک لەو ڕێکەوتنە تووشی گۆڕانکاری نابێت و هیچ کەس و وڵاتێکی پێ زیاد ناکرێت، باشتریشە واز لە لێدوانی بێ بنەما بێنن.
ناوبراو وتی: ڕێکەوتنی ناوەکی بەرهەمی هەوڵێکی زۆرە و بە ئاسانی مسۆگەر نەبووە، ئەگەر دەیانەوێت ئێمەش دەمێنینەوە، ئەگەر نایانەوێت، ئێمەش ڕێگای خۆمان درێژە پێدەدەین.
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ڕێکەوتنی ناوەکی لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پاڵپشتی کراوە، ئەمریکا ئەو بڕیارەی پێشێل کردووە، ئەگەر بۆ بەڵێنەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، ئێمەش دەگەڕێینەوە، واتە بڕیار لە بەرامبەر بڕیار، کردار لە بەرامبەر کردار دەبێت./.