بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەتا سنە بە ناوی سینە دژ و پاشان بە ناوی سنە دژ ناو دەبرا کە ئەمڕۆ لە پاش قۆناغە جیاجیاکانی مێژوو بووەتە سنە. سنە میراتێکی پڕبایەخی مێژووی بیناسازی ئێرانی لە خۆیدا شوێن کردووەتەوە.
سنە بە شاری مزگەوتەکانیش ناسراوە و مزگەوتی گشتی بە ناسراوترین و بەناونابگترین مزگەوتی ئەم شارە دادەنرێت، ئەو مزگەوتەی کە لای خەڵک بە مزگەوتی دارولئێحسان ناسراوە.
ئەم مزگەوتە لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای کوردستانی ئێرانە و بەردەوام وەک ناوەندێکی مەزهەبی ناوبانگی هەبووە.
مزگەوتی گشتی سنە کەوتووەتە بەشی باکوری شەقامی ئیمام.
پێدەچێت ئەم مزگەوتە لە ساڵی 1228 ی کۆچی لە سەردەمی فەتحعەلی شای قاجاڕ و لە سەر فەرمانی ئەمانوڵاخانی ئەردەڵان لە دەسەڵاتدارانی گەورەی کوردستان درووستکراوە.
بە پێی ئەوەی کە لە دەقە مێژووییەکاندا هاتووە، کاتێک کە حکومەتی ناوەندی ئێران بە هۆی لاوازییەوە کۆنتڕۆڵێکی ئەوتۆی لە سەر دۆخی کوردستان نەبووە، خانە پاشا لە دەسەڵاتدارانی سەر بە عوسمانییەکان لە کەرکوکەوە هاتە کوردستان و عەلی قولی خان دەسەڵاتداری ئەو کاتەی ناچار کرد کە بۆ ئەسفەهان کۆچ بکات.
خانە پاشا کاتێک لە کوردستان بووە، چەندین بینای وەک مزگەوت، قوتابخانە و … لە شاری سنە کردەوە. پاش کۆتایی دەسەڵاتەکەی، ئەم بینایانە لە سەر فەرمانی دەسەڵاتدارانی سەفەوی لە کوردستان ڕووخان. ئەمانوڵاخان ئەو دوو مینارە بەرزەی بەجێماوی مزگەوتی سەردەمی سەفەوییەکانی ڕووخاند و بیناکەی بە تەواوی لەناوچوو. پێدەچێت مزگەوتی گشتی سنە لە سەر دیزاینی هەمان مزگەوتی سەردەمی سەفەوییەکان درووست کرابێت.
پاش تێپەڕبوونی سەدەیەک بە سەر ئەم مزگەوتەدا، چەندین بەشی ڕووخا کە ئەندازیارانی وەک حەسەن میناچی بە هونەری کاشیکاری خۆی ئەرکی نۆژەنکردنەوەی لە ئەستۆ گرت.
لە وەسفی مزگەوتی گشتی سنە، لە کتێبە مێژووییەکاندا نووسراوی زۆر هەیە کە دەتوانین وەک نموونە ئاماژە بە حدیقه ناصریه لە کتێبە مێژووییەکانی سەردەمی قاجاڕەکان بدەین کە لە سەر مزگەوتەکە وای نووسیوە:
ئەمانوڵاخان مزگەوتێکی لەو پەڕی شکۆ و بەهێزیدا کردەوە، ناوی مزگەوتەکە دارولئێحسان و دەرگا و دیوارەکەی هەمووی لە کاشییە، لەم مزگەوتەدا قورئان بە شێوازی نووسینی کوفی لە سەر کاشی نووسراوە کە شکۆیەکی دیکەی پێ بەخشیوە./.