بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارکی هونەرمەندان بە کەشێکی جوان و دڵڕفێن بووەتە شوێنێکی هەمیشەیی بۆ حەوانەوەی هونەرمەندان لە تاران. ئاسەوارە هونەرییەکان لە شوێن بە شوێنی ئەم پارکە دەبینرێت.
پارکی هونەرمەندان کەوتووەتە شەقامی ئێرانشار لە تاران. مێژووی ئەم پارکە بۆ سەردەمی قاجاڕەکان دەگەڕێتەوە، ئەم پارکە لەو سەردەمەدا باخ و بینای یەکێک لە شازادەکان و لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووەم شوێنی کۆگای چەک و تەقەمەنی هاوپەیمانان بووە، پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە نزیک پارکی هونەرمەندان بووە. ساڵی 1375 ی کۆچی هەتاوی شارەوانی تاران ئەم پارکەی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و بە ڕووخانی بینا زیادەکان پارکێکی جوانی تێدا کردووەتەوە و ئەمڕۆ بووەتە شوێنی حەوانەوەی هونەرمەندان و گەنجان.
لە بەشی باشوری پارکی هونەرمەندان شوێنێک بە ناوی ماڵی هونەرمەندان کراوەتەوە کە بە شوێنێکی گەشتیاری لە تاران بۆ هونەرمەندان دادەنرێت و ڕووداوە هونەرییەکانی تێدا بەڕێوە دەبرێت.
بینای ماڵی هونەرمەندان لە یەکێک لە گرنگترین باخەکانی سەردەمی قاجاڕ بە ناوی فیشەرئاوا کراوەتەوە. ئەم باخە لە سەردەمی نەسرەدین شای قاجاڕ کراوەتەوە و لە لایەن کوڕەکەی بە ناوی کامەران میرزا بەڕێوە دەبرا.
پاش شەڕی جیهانی دووەم فیشەرئاوا لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە وەک میوانخانە کەڵکی لێ وەردەگیرا و لەم ڕووەشەوە چەند بینایەکی سەربازیی لێ زیاد کرا. پاش کشانەوەی هاوپەیمانان ئەم باخە درایە هێزە چەکدارەکانی ئێران تا ئەوەی کە شارەوانی تاران خستیە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و لە ئاکامدا لە ساڵی 1378 ی کۆچی هەتاوی بە ناوی ماڵی هونەرمەندانی ئێران دەستی بە کار کرد./.