بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا لە وتووێژێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی وەتەن هەڵوێستی خۆیی لە سەر گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکەی و ناوچەکە ڕاگەیاند.
ناوبراو وتی: گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و وڵاتانی عەرەبی ماوەیەکە دەستیپێکردووە و ئەمەش پەیوەندی بە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە کە برایانی عەرەبی بەوە گەیاندووە کە ئەو وڵاتانە ناتوانن داهاتووی خۆیان لە ڕێگای پشت بەستن بە وڵاتانی ڕۆژئاواوە دەستەبەر بکەن.
مێقداد وتی: سوریا هەوڵ دەدات کە پەیوەندییەکانی لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتانی عەرەبی بێت لە بەر ئەوەی کە دوژمنی ئێمە وڵاتانی عەرەبی نییە بەڵکوو ڕژێمی زایۆنیستییە، سوریا دەیەوێت ڕابردوو بە لاوە بنرێت و تێڕوانینمان لە سەر ئێستا و داهاتوو بێت.
وەزیری دەرەوەی سوریا وێڕای پێشوازی لە وتووێژەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس، وتی: ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران پێی باش بێت کە ئاسانکاری بۆ ئەو وتووێژانە بکەین سوریا ئامادەیە لە بەر ئەوەی کە یەکگرتوویی عەرەبی و ئیسلامی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکان گرنگە./.