بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ عەلی دەعموش بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ئۆکرانیا وتی: ئەوەی کە لە ئۆکرانیا ڕوو دەدات، دیسانەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەمریکا هانی هاوپەیمانەکان و شوێنکەوتووانی بۆ شەڕ دەدات و پاشان پشتی ئەوان چۆڵ دەکات و لە کاتی شەڕدا بەدەر لە بەڵێن و قسە هیچ هاوکارییەکی ئەوان ناکات.
ناوبراو وتی: ئەمریکییەکان ئۆکرانیایان هاندا و خستیانە شەڕێکەوە کە لە پێشدا دۆڕاو بوو و پاشان جۆبایدن لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا وتی کە ویستی ئەوەمان نییە بچینە ئەم شەرەوە، وەزارەتی بەرگری فەرەنساش ڕایگەیاند کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی نایانەوێت بچنە شەڕی ڕووسیاوە.
دەعموش وتی: ئەزموونەکانی ڕابردوو و ئێستا پیشان دەدەن کە ئەمریکا هاوپەیمانەکان و شوێنکەوتووانی بەرەو شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبات، ئەگەر سەرکەوتن ئەوا کەڵک لە دەسکەوتەکانی ئەوان وەردەگرێت و ئەگەر لاواز بن و شکست بێنن، پشتی ئەوان چۆڵ دەکات و لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا بە تەنیا ئەوان دەهێڵێتەوە، نموونەی ئەمەش لە ئەفغانستان و لوبنان بینراوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حیزبوڵڵا وتی: ئەمریکا وازی لە هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان هێنا و لە چەندین قۆناغدا خیانەتی لە هاوپەیمانەکانی لە لوبنان کرد و ئەوانی بچووک کردووەتەوە و ئەمڕۆش ئەم دۆخە لە ئۆکرانیا دەبینرێت و دەبێت وەک وانەیەک بۆ داهاتوو بێت.
ناوبراو ئاماژەی بە لێدوانێکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا دا کە ڕایگەیاندبوو وڵاتانی ڕۆژئاوا ئۆکرانیایان بە تەنیا لەم شەڕەدا هێشتووەتەوە و تەنیا بەڵێن دەدەن و ڕاستییەکە ئەوەیە کە کەسێک هاوکاری ئێمەی نەکردووە.
دەعموش وتی: ئەمریکا دۆست و هاوپەیمان ناناسێت و تەنیا بەرژەوەندییەکانی بۆی گرنگە./.