بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە ئاژانسی حکومیی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاند کە هاوکات لە گەڵ هێرشە دڕندانەکانی هێزەکانی سەر بە ڕژێمەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ سەر هاووڵاتیانی سوریا، ئەنکەرە وەک هەمیشە هەوڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و درۆی هەیە و ئەمجارەش ڕایگەیاندووە کە لە ئاستی ئەمنی و سیاسی لە نێوان تورکیا و سوریا پەیوەندی هەبووە.
ئەو سەرچاوە وتی: نوێترین درۆش هەمانە کە وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە ئەگەری هاوکاری لە گەڵ سوریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم ڕایگەیاند و ئەگەر ئەمەش پیشاندەری شتێک بێت، پیشاندەری ئەوەیە کە ڕژێمی ئیخوانیی تورکیا لە سەر ڕاستییەکان نییە و دیاردەی درۆ لای دەسەڵاتی ئەردۆغان کۆتایی نەهاتووە و سەرجەم بەرپرسان و کاربەدەستانی باڵای ئەو ڕژێمەی گرتووەتەوە.
وتیشی کە کۆماری عەرەبیی سوریا سەرجەم ئەو هەواڵ و لێدوانانە بە درۆ دەخاتەوە و هیچ کات ئامادە نییە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوکاریی ئەو ڕژێمە بکات کە خۆی پاڵپشتی لە تیرۆریستان دەکات، مەشق و ڕاهێنان بەوان دەکات و پەرە بە تیرۆریزم لە ناوچەکە و جیهان دەدات./.