لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستەمی زائینی بە تایبەت لە پاش دەرکردنی بەیاننامەی باڵفۆر، جولەکەکان لە سەرتاسەری ئەورووپا بەرەو فەڵەستین کۆچیان کرد و بە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا خەڵکی فەڵەستینیان لە زێد و ماوای خۆیان دەرکرد و لە ئاکامدا لە ساڵی 1948 ڕژێمی تەزویری زایۆنیستییان دامەزراند.
ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 و بە بڕیارێکی ووشیارانە، کۆتای هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی وەک ڕۆژی جیهانیی قودس دەستنیشان کرد. ئەم هەنگاوە بوێرانەش بووە هۆی پەرەسەندنی کەلتوری دژە زایۆنیستی لە سەر ئاستی جیهان و ئەم ڕۆژە بووە خاڵێکی دەستپێکی نووسینی وتارەکان، کتێبەکان، بەرهەمە هونەرییەکان، بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆنگرە و کۆبوونەوەکان لە سەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی و ئاشکراکردنی تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کە ساڵانێک بە دوور لە چاودێریی جیهانی لە دژی خەڵکی زوڵملێکراوی فەڵەستین دەیکرد.
ڕۆژی جیهانیی قودس بووە هێمای هاوڕێبوونی خەڵکی جیهان لە گەڵ فەڵەستین، ڕۆژێک کە هەموو ساڵێک لە کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەبێتە هۆی پەرەپێدانی کەلتوری خۆڕاگری و ڕاپەڕین لە نێو ڕای گشتی گەلانی موسڵمان و ئاشکراکردنی زیاتری تاوانەکانی ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنیستی.
لە وەها ڕۆژێکدا گەلانی جیهان بە تایبەت ئێرانی ئیسلامی بە ڕێپێوانی بەربڵاو و گەورەی خۆیان، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن و تاوانەکانی بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا دەکەن و پیشانیانداوە کە فەڵەستین هێشتا لە ویژدانی مرۆڤە ئازادەکاندا زیندووە.
ڕۆژی جیهانیی قودس بووەتە هۆی بەهێزبوونی خۆڕاگری و هەڵمەتی تێکۆشەرانە بۆ ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە سەر ئاستی جیهان هەیە و بووەتە هۆی نیگەرانیی ڕژێمی تەل ئەبیب.
ڕژێمی زایۆنیستی هیچ کات خوازیاری گەڕانەوەی گەلی فەڵەستین بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی ئەوان نابێت و بەم هۆیەوە دانوستانەکانی سازشت هیچ کات سەرکەوتوو نەبووە و شێوازێکی دادپەروەرانە لە دانوستانەکاندا پەیرەو نەکراوە. تاوانەکانی سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و هەنگاوە ڕەگەزپەرستانەکانی ئەوان لە دژی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین و تەنانەت گەلانی ناوچەکە بۆ کەس شاراوە نییە.
ڕژێمە بەکرێگیراوەکانی عەرەب کە بە ئاشکرا و لە پێناو مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات خیانەتیان لە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین کرد، بە قبووڵکردنی ڕێکەوتنی سەدە، پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردەوە و باڵیۆزخانەکانی بەحرەین و ئیمارات لەو ڕژێمەدا کراوەتەوە.
پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی عەرەبی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵی 2009 و بە دەستپێکردنی سەرۆکایەتی بینامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو ڕژێمە پێی نایە قۆناغێکی نوێ. هەوڵەکانی تەل ئەبیب بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام بوو تا لە ئاکامدا لە ساڵی 2020 بە گوشاری دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا و حکومەتی واشنتن، ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ ئیمارات و بەحرەین واژۆ کرا.
بە تێپەڕبوونی ماوەیەک بە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات، بەحرەین، سودان و مەغریب لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ئابراهام، پێدەچێت کە ئەو ڕژێمە براوەی ئەم پیلانگێڕییە بێت، لە بەر ئەوە کە وڵاتانی ناوبراو بازاڕ و سنورەکانی خۆیان بە ڕووی کاڵا و بەرهەمەکانی داگیرکارانی فەڵەستیندا کردووەتەوە.
تێڕوانینی ئەو چوار وڵاتەش ئەوە بووە کە فەڵەستینییەکان خۆیان بە دەستەوە دەدەن و دۆخەکە لە بەرژەوەندی تەل ئەبیبە، بەڵام دوایین شەڕی غەززە ناسراو بە شەڕی شمشێری قودس کە تێیدا گرووپە خۆڕاگرییەکانی فەڵەستین زیاتر لە 4200 موشەکیان ئاراستەی قووڵایی ڕژێمی زایۆنیستی کرد و هەروەها سەرکەوتنی 6 دیلەکەی فەڵەستین لە هەڵهاتن لە گرتووخانەی جەلبوع و شکستی دەسەڵاتی ئەمنیی ئەو ڕژێمە و هەروەها گۆڕانکارییەکانی وەک هەڵمەتە گیانفیداییەکانی فەڵەستینییەکان لە دژی زایۆنیستەکان، پیشان دەدات کە هیچ داهاتوویەک بۆ پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە و ڕژێمی زایۆنیستی یان پیلانی سازشت نابینرێت.
خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەی کە گەلانی موسڵمان هیچ کات ئەم خیانەتەی ئیمارات و بەحرەین لەبیر ناکەن. ئەگەر ئەو وڵاتانە بیر لەوە دکەنەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی پاڵپشتی لەوان دەکات و بۆ ئەوان ئاسایش و سەقامگیری بە دیاری دێنێت، تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبن، لە بەر ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی هێزی بەرگری لە خۆیشی نییە.
ڕۆژی جیهانیی قودس بووەتە چقڵی چاوی سازشتکارانی عەرەب. ئیمام خومەینی (رە) هیوای بۆ دڵی خەڵکی زوڵملێکراوی فەڵەستین گەڕاندەوە و ئەمڕۆ بەرهەمی ئەم خۆڕاگرییە و پەرەسەندنی لە سەر ئاستی جیهانی ئیسلام دەبینین، لە بەر ئەوەی کە هێڵی خۆڕاگری، تێکۆشان و بەردەوامبوون لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکاری قودس، بەهێزتر لە هەمیشە لە بەرامبەر پیلانگێڕان و سازشتکاران ڕاوستاوە./.