بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عومرانخان سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان لە چاوپێکەوتنی کەناڵی HUM News، پیلانگێڕی دەرەکیی بە هۆکاری شکست و ڕووخانی حکومەتەکەی ناو برد و وتی کە حکومەتەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا پیلانی گۆڕینی حکومەتی پاکستانی جێبەجێ کردووە.
ناوبراو وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی لە پیلانگێڕیی دژ بە حکومەتی هەڵبژێردراوی پاکستان هەست بە خۆشی دەکات، وەک چۆن کە لە ناوچەکە بەردەوام هەوڵی ئاژاوەگێڕی دەدات.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی نەک تەنیا بەرپرسی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بە تایبەت سوریا و لیبیایە، بەڵکوو هەوڵی لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاکستان دەدات.
عومرانخان ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە بیانووی شەڕی دژ بە تیرۆریزم بەردەوام لە پاکستان پیلانگێڕی دەکات و وتی کە ڕژێمی زایۆنیستیش هەوڵی لاوازکردنی وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت پاکستان لە ڕووی سەربازییەوە دەدات.
عومرانخان سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان مانگی ڕابردوو پاش سەندنەوەی متمانە لە لایەن پەرلەمانی ئەم وڵاتەوە لە پۆستەکەی دوور خرایەوە./.