بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تەمەنی 53 ساڵە، جوتیارێکە لە گوندی حەلیجەی پارێزگای دیوانیە لە باشوری عێراق. حامید دەڵێت کە ساڵی ڕابردوو 500 تەن گەنمی فرۆشتووە بەڵام ئەمساڵ بەرهەمەکەی بۆ یەک لە سەر دە، واتە 50 تەن دابەزیوە.
جوتیارەکانی گوندی حەلیجە دەڵێن کە لە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکە زۆر بووە بەڵام هانی شەعیر بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی پارێزگای دیوانیە دەڵێت کە ئەمساڵ ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکە بۆ نیوە دابەزیوە. ڕووباری فۆرات لە پارێزگای دیوانیە و لە تەنیشت ئەم گوندە تێپەڕ دەبێت.
” پێویستمان بە هاوردەی گەنم دەبێت “، ئەمە وتەی حەسەن وائیلی بەڕێوەبەری کشتووکاڵی دیوانیەی عێراقە کە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە. ئەو دەڵێت لە ساڵانی 2019 و 2020 عێراق 5 ملیۆن تەن بەرهەمی گەنمی هەبووە بەڵام ئێستا لە ئاکامی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، وەبەرهێنانی گەنم ڕەنگە نەگاتە لە سەدا 50 ی ساڵانی ڕابردوو و ئەمەش بۆ بەکارهێنانی یەک ساڵی عێراقییەکان کەم دەبێت.
هەندێک دەڵێن عێراق لە ڕووسیا و ئۆکرانیا گەنم هاوردە ناکات بەڵام حاشا لەوەش ناکەن کە بەدەر لە وشکەساڵی، کاریگەری شەڕی ئۆکرانیا لە سەر کەرتی ئابوری وڵاتەکەیان زۆر بووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕووسیا و ئۆکرانیا لە سەدا 76 ی گوڵەبەڕۆژە و زەیتەکەی، لە سەدا 30 ی گەنمی جیهان و لە سەدا 20 ی گەنمەشامی پێویستی جیهان دابین دەکەن.
بەڵام وتەبێژی وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق تەنیا ئاماژە بە وشکەساڵی نادات و دەڵێت: بە پەرەسەندنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، نرخی کاڵا و پێداویستییەکان تەنانەت لە ئەمریکاش بەرز بووەتەوە، هەناردەکارانی گەنمیش نرخەکەیان بەرز کردووەتەوە، هەروەها شەڕی ئۆکرانیا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پەینی کشتووکاڵی و پێداویستییەکانی دیکە.
کێشەکە تەنیا لەوەدا نییە، لە بەر ئەوەی کە گەنم لە کاتێکدا دەکڕێت کە لە بازاڕەکاندا هەبێت بەڵام لە ئێستادا کە وڵاتانی وەبەرهێنەریش قەدەغەی هەناردەی گەنم دەکەن، چی بکرێت؟ ئەمەش ڕاستییەکە کە وڵاتانی جیهان دەبێت لە بەرچاوی بگرن.
لەم ماوەیەدا لە پاش هیندستان، ڕووسیا، ئۆکرانیا، نیوزلەندا و ئیرلەندا، کازاخستانیش وەک هەشتەمین وڵاتی هەناردەکاری گەنمی جیهان، هەناردەی ئەم بەرهەمەی قەدەغە کرد. وەزیری کشتووکاڵی هیندستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە نرخی گەنم بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، هەر بۆیە هیندستان چیدی گەنم هەناردە ناکات لە بەر ئەوەی کە ئاسایشی خۆراکی دانیشتووانەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە بۆ وەبەرهێنەرانی گەنم، ئەم بەرهەمە لە هەر کاتێکی دیکە پڕبایەختر بووە و بۆ هاوردەکارانیش زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بووەتە کاڵایەکی ستراتیژی.
حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق دەڵێت کە حکومەت بۆ پاڵپشتی لەو جوتیارانی وەبەرهێنەری گەنم، نرخی کڕینی هەر تەن گەنمی لەوان بۆ 500 دۆلار بەرز کردووەتەوە.
پاش ئەوەش لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەو نرخە گەیشتە 580 دۆلار کە دەکاتە نزیکەی 850 هەزار دینار.
پاشەکەوتی ستراتیژیی گەنمی عێراق کەم بووەتەوە و بەربەستێکی دیکەش کەوتووەتە بەردەم حکومەتی ئەم وڵاتە و ئەویش ڕەتکردنەوەی یاسای ئاسایشی خۆراک لە لایەن دادگای باڵای عێراقە. حکومەتی بەغدا ویستی ئەوەی هەبوو بە پارەیەکی زۆر پلانی ئاسایشی خۆتاک جێبەجێ بکات. نەیارانی ئەم پرۆژەیاسایە دەڵێن کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی، حکومەتێکی کاربەڕێکەرە و بە پێی دەستوور مافی ئەوەی نییە بڕیارە گرنگەکان دەربکات و لە لایەکی دیکەوە ئەگەری ئەوەش زۆرە کە وەها پرۆژەیەک گەندەڵییەکی زۆری تێدا بکرێت.
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا یەکێک لە نەیارانی ئەم پرۆژەیە و لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە کە گومانێکی زۆر لە سەر هەبوونی گەندەڵی لەم پرۆژەیەدا هەیە.
320 کیلۆمەتر دوورتر لە بەغدا و لە هەولێری ناوەندی هەرێمی کوردستانیش دۆخەکە چەندان لەبار نییە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەم دواییەی خۆی ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەروەها وشکەساڵی لە سەر نرخی مادە خۆراکییەکان دا.
بارزانی هەروەها ئاماژەی بە هەندێک بڕیار و ڕێوشوێنی تایبەت بە نان لە هەرێمی کوردستان دا، بۆ نموونە، دابەزاندنی نرخی کارەبا بۆ خاوەن نانەواخانەکان و کەمکردنەوەی باجە گومرکییەکان لە سەر هاوردەی کاڵا سەرەکییەکان بە تایبەت مادەی خۆراکییەکان.
ناوبراو وتی کە هەولێر درێژە بە هەماهەنییەکانی لە گەڵ بەغدا دەدات تا بڕیاری لێخۆشبوونی باجە گومرکییەکان لە سەر ئەم کاڵا و پێداویستییانە بەردەوام بێت.
تەنیا دوو ڕۆژ لە پاش کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی مەسرور بارزانی، کار گەیشتە ئەوەیە کە فراکسیۆنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە ڕێگای ڤیان سەبری سەرۆکی ئەم فراکسیۆنەوە، داوای بانگهێشتکردنی عەلا جبوری وەزیری بازرگانی عێراقی بکات تا سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕ و سوودمەندنەبوونی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە بەشە خۆراکی تەرخانکراوی حکومەت لێپرسینەوەی لە گەڵ بکرێت.
لە گەڵ ئەمانەش، دەبێت ئاماژە بە بڕیارێکی گرنگی ئابوری لە ئێران بدرێت. ئازادکردنی نرخی کاڵاکان و هەڵوەشانەوەی بڕیارێکی کابینەی پێشووی ئەم وڵاتە کە دراوی پێویستی بۆ هاوردەی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان بە هاوردەکاران بە نرخی هەر دۆلار 4200 تمەن تەرخان دەکرد. ئێستا ئەوە نەماوە و جیاوازیی نرخەکان وەک بەشە پارەیەک مانگانە دەخرێتە سەر حسێبی بانکیی خەڵک. واتە نرخی کاڵاکان ئازاد کراوە و چیدی سوودی نییە کە کۆمەڵێک قاچاخچی بە نرخێکی کەم و گونجاو لە بازاڕەکانی ئێران ئەو کاڵا و پێداویستییانە بە تایبەت مادە خۆراکییەکان ڕەوانەی وڵاتانی دراوسێ وەک عێراق، پاکستان و ئەفغانستان بکەن./.