بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەڕای هۆشدارییەکانی ڕووسیا بە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە ئاکام و لێکەوتەکانی ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ، ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند دانوستانەکان لە گەڵ ئەو دوو وڵاتە کۆتایی هاتووە.
ڕێکخراوی ناتۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە سوید و فینلەندا ڕۆژی دووشەممە 4 ی تەمموزی 2022 کۆتاییان بە دانوستانەکانی خۆیان لە برۆکسێل هێنا.
ناتۆ ڕایگەیاندووە کە هەر دوو وڵاتی سوید و فینلەندا بە شێوازی فەرمی خواست و توانای خۆیان بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنە سیاسی، یاسایی، سەربازی و بەڵێنەکانی دیکەی ئەندامێتی لەم هاوپەیمانییە سەربازییە پشتڕاست کردەوە.
پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنە پەیوەندیدارەکان، بۆ پەسەندکردن ڕەوانەی سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەکرێت تا ئەوانیش بە پێی یاسا ناوخۆییەکانی خۆیان ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ پەسەند بکەن./.