بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەی ڕەتکردەوە کە سوپای وڵاتەکەی ئەنجامدەری هێرشەکەی زاخۆ بێت بەڵام فۆئاد حوسێن هاوتا عێراقییەکەی بە کەناڵی ڕووداوی ڕاگەیاند کە بە پێی ڕاپۆرتی پسپۆڕانی سەربازیی عێراق و تاوتوێی وردەکارییەکان، تورکیا ئەو هێرشەی بۆ سەر گەشتیارانی عەرەب کردووە.
شەپۆلێکی دژایەتی ئەردۆغان و تورکیا لە عێراق
لەم ڕۆژانەدا شەپۆلێکی دژایەتیکردنی تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە عێراقدا دەبینرێت، باڵیۆزی تورکیا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرا و ناڕەزایەتی توندی گەل و حکومەتی ئەم وڵاتەی پێ ڕاگەێندرا، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنکەرە بانگهێشتی بەغدا کرایەوە، خەڵک لە بەغدا و شارەکانی دیکە ناڕەزایەتی توندی خۆیان بەرامبەر بەم تاوانەی تورکیا پیشاندا و تەنانەت ئاڵای ئەم وڵاتەیان لە سەر بینای باڵیۆزخانەکەی هێنایە خوارەوە.
ئەڵبەت وەک ئاماژە درا تورکیا حاشای لەوە کردووە هێرشەکەی زاخۆ کاری سوپای ئەوان بێت. هێرشەکە وایکرد کە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە بەڕێوە بچێت. لەو کۆبوونەوەدا چەندین بڕیاری گرنگ دەرکرا و داوا لە ئەنکەرە کرا هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە و داوای لێبوردن لە گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە بکات. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە سەرجەم پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئیدانەی توندی هێرشەکەی تورکیایان کردووە.
حەشدی شەعبی و هێزەکانی خۆڕاگری تاوانەکەیان ئیدانە کرد
هێزەکانی خۆڕاگری عێراقیش ئیدانەی ئەم هێرشەی سوپای تورکیایان کرد. هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم ڕووداوە تەنیا ئەڵقەیەک لە زنجیرە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق بووە، ئێمە نابێت وەک ڕابردوو لە بەرامبەر ئەم دوژمنکارییە تەنیا بە لێدوان ئیدانەی بکەین و بێدەنگ بین، دەبێت لە پێناو بەرگری لە دەسەڵات و سەروەری وڵات و پاراستنی گیانی خەڵک هەڵوێستمان هەبێت، پێویستە حکومەتی عێراق سنورەکانی لە گەڵ تورکیا دابخات و موڵەتی چالاکی کۆمپانیاکانی تورکیا هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەی کە لە بەرامبەر ئەم تاوانەدا بێدەنگ بێت یان لە بەرچاوی نەگریت و پاساوی بۆ بهێنێتەوە، هاوبەشی تاوانباران و بکوژانە و خیانەت بە وڵات و گەلەکەی دەکات.
قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وێڕای بە بەرپرس زانینی حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و بەرگری لە سەروەری عێراق لە بەرامبەر هێرش و دەسدرێژییەکانی تورکیا، داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی لەم بوارەدا بە جێ بێنێت و بە بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و تائیفی، سەروەری، پێگە، ئاسایش و سەقامگیری عێراق بپارێزێت.
ئایا کۆتایی بە هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان لە عێراق هاتووە؟
ڕۆژنامەی ” الاخبار ” ی لوبنان لە ڕاپۆرتێکدا تاوتوێی هێرشەکەی زاخۆ و لێکەوتەکانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەردۆغان ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی عێراقی وەک مەسعود بارزانی لە نێو کوردان و محەممەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لە عەرەبی سوننە کردووەتە هاوپەیمانی خۆی و بۆ کاروباری عێراقیش لە گەڵ ئیمارات نەخشەی هاوبەشی هەبووە بەڵام هێرشەکەی زاخۆ دەتوانێت کاریگەری زۆری لە سەر ئەمە هەبێت.
ڕۆژنامەکە لە سەر ئەم پرسە وتووێژی لە گەڵ عەبدولڕەحمان جەزایری یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کردووە کە ڕایگەیاندووە دەبێت سوپای عێراق لە سنورەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ تورکیا جێگیر بکرێت و ڕوبەڕوی هەر هەڕەشەیەکی ئەردۆغان ببێتەوە، هەروەها دەبێت سکاڵا لە دژی تورکیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار و بە جیدی بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
لە ئێستادا بەدەر لە خەڵکی کورد و شێعە کە بەردەوام دژی سیاسەت و دەستێوەردانەکانی تورکیا و ئەردۆغان بوون، سوننەکانی عێراقیش لە بەرامبەر کوژرانی خەڵکی مەدەنی ئەم وڵاتە لە لایەن سوپای تورکیاوە کاردانەوەیان هەبووە.
هێرشەکەی زاخۆ وەبیرهێنەری کوشتاری 31 کوردەکەی تورکیا لە ناوچەی ڕوبوسکییە کە لە لایەن هێزی ئاسمانی ئەم وڵاتەوە کوژران. ئەردۆغان هاوسەر و کچەکەیی بۆ گەیاندنی پەیامی پرسە و سەرەخۆشی خۆی ناردە ناوچەکە و بەڵێنی بەدواداچوونی دا بەڵام پاش چەند ساڵێک، ئەو تاوانە لەبیر کراوە./.