بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بۆردومانەکەی گوندی پەرەخ و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی عێراق لە لایەن تورکیاوە بە لوتکەی کێشەکانی ئەم دوو وڵاتە دادەنرێت.
تورکیا بە کردەوەکانی ئەوەی سەلماندووە کە ئامانجی لە عێراق ڕوبەڕوبونەوەی پەکەکە نییە بەڵکوو چاوی خستووەتە سەر داگیرکردنی موسڵ و کەرکوک.
وەک چۆن کە فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەربازییەکان، جوگرافیا و مەودای هێرشەکە و جۆری چەکی بەکارهاتوو پیشان دەدات کە لە لایەن سوپای تورکیاوە کراوە، ئەمەش بێ گومان بە ئاگاداری حکومەتی ئەنکەرە بووە، ئەوەی کە بەرپرسیاریەتی هێرشەکەش ناگرێتە ئەستۆ و بەردەوام حاشای لێدەکات، بۆ ئەوەیە کە پیشان بدات پەکەکە ئەو هێرشەی کردووە و وەک چۆن بە تیرۆریست ناوی دەبات مافی ئەوەی هەیە ڕوبەڕوی ببێتەوە، دیارە کە لە ناو خاکی عێراقیش ئەو مافە بە خۆی دەدات.
لە ناوخۆی تورکیاش شارەزایانی سیاسی بەردەوام بوونی پەکەکە وەک پاساوی هێرشی سوپای وڵاتەکەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق باس دەکەن.
عێراقییەکان دەڵێن کە کێشەی پەکەکە و تورکیا ناوخۆییە و دەبێت بە شەڕ بێت یان ئاشتی، لە ناوخۆی ئەو وڵاتە چارەسەر بکرێت نەک ئەوەی کە عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەوان. بە ڕای عێراقییەکان تورکیا بەردەوام خاک و سەروەری وڵاتەکەیانی پێشێلکردووە و بەدەر لەمەش بە پاڵپشتی لە هەندێک لایەن و کەسایەتی عێراقی، ئاشکرا لە کاروباری ناوخۆیی ئەم وڵاتە دەستێوەردانی هەیە.
هێرشەکەی زاخۆ جیاوازە و وەک تاوانێکی شەڕ دادەنرێت و بە پێی ئەوەی کە عێراق سکاڵای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کردووە، تورکیا لە کاریگەرییەکانی دەرباز نابێت و ئەو وڵاتەی ڕوبەڕوی ئیدانەکردنێکی نێودەوڵەتی کردووەتەوە و پەیوەندییە گشتی و فەرمییەکانی لە گەڵ عێراقیش دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە و ڕەنگە بەرەو تێکدانیشی ببات.
کاریگەری و لێکەوتەکانی هێرشەکەی زاخۆ لە دوو ئاستدا تاوتوێ دەکرێت، یەکەم لە ئاستی گشتی کە خەڵک بایکۆتی بەکارهێنانی کاڵا و بەرهەمەکانی تورکیا دەکەن و دووەم لە ئاستی فەرمی کە بێ گومان کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنکەرە دەبێت./.