بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەهرا ئێرشادی لە میانەی وتارێکی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گۆڕانکارییە سیاسی و مرۆییەکانی سوریا، ڕایگەیاند: پێدانی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بە سوریا بە پێویست دادەنرێت و هەلومەرجی سیاسی نابێت ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان بکات بەڵام ئەمەش دەبێت بە ڕێزگرتن لە دەسەڵات، سەروەری و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە بێت.
ناوبراو وتی: ئێمە پێشوازی لە بڕیاری ژمارە 2642 ی ساڵی 2022 دەکەین و بە هەنگاوێکی گرنگی لە پێناو چارەسەرکردنی پێویستییە هەنوکەییەکانی سوریای دەزانین، ئەم بڕیارەش بە ڕاشکاوانە داوای شەفافییەتی زیاتر لە هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان دەکات.
نوێنەری ئێران ڕایگەیاند کە کێشەی کارەبا ڕێگری لە گەیاندنی خزمەتگوزاری مرۆڤدۆستانە بە تایبەت لە بواری پزیشکی، دابینکردن و دابەشکردنی خۆراک دەکات.
ئێرشادی داوای هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکانی سەر سوریای کرد و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وەبیرهێنایەوە و وتی: قەیرانی سوریا دەبێت بە شێوازی ئاشتیانە و لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی بە تایبەت ڕێزگرتنی تەواو لە سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە چارەسەر بکرێت، بۆ ئەمەش دەبێت کۆتایی بە داگیرکاری بهێندرێت و دەسەڵاتی تەواوی دیمەشق بۆ سوریا بگەڕێتەوە./.