بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میخائیل ئولیانۆف نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤیەننا سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ مۆسکۆ پشتڕاست کردەوە.
ناوبراو ئەمڕۆ سێ شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕۆژی 31 ی ئاب سەردانی مۆسکۆ دەکات.
پێشتر میدیاکان ڕایانگەیاند کە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی چوارشەممە سەردانی مۆسکۆ دەکات و لە گەڵ سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی و دانوستانەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئێران وتووێژ دەکات.
سەردانەکەش لە کاتێکدا کە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە وەڵامەکەی ئەمریکا لە سەر بۆچوون و پێشنیارەکانی تاران بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ڤیەننا لە ڕێگای ڕێکخەری ئەورووپییەوە گەیشتووەتە دەستی ئێمە و پاش تاوتوێکردنی لە هەمان ڕێگاوە وەڵام دەدرێتەوە./.