بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر شاری حەلەب وەک هێمایەکی دەسەڵاتی یاسایی سوریا، پەیامی ئەوە دەگەێنێت کە ناتوانن حەلەب لە بەرەی خۆڕاگری جیا بکەنەوە، وەک چۆن کە هەوڵەکانی دوژمن بۆ جیاکردنەوەی سوریا بە گشتی لە بەرەی خۆڕاگری شکستی هێنا، بە واتایەکی دیکە، کاتێک باس لە سوریا و ڕووداوەکانی دەکەین، جیا لەوەی نییە کە لە عێراق، یەمەن و لوبنان ڕوو دەدات.
ڕاستییەکانی ناوچەکە پێمان دەڵێت کە بەرەی خۆڕاگری هاوکێشەی نوێی بە سەر دوژمندا سەپاندووە و ئەویش ئەوەیە کە خۆڕاگری بووەتە یەک بەرە و گۆڕەپانی یەکگرتوو و لە سەرجەم ناوچەکانیدا یەکڕیزی و پێکەوەبوون لە پێناو یەک ئامانجدا هەیە.
نابێت بڵێین کە هێرش و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا لە سوریایە و ناوچەکانی دیکە ناگرێتەوە، بەڵکوو ئەگەر سرنجی ڕووداوەکان بدەین، دەبینین کە ترس و دڵەڕاوکێی زایۆنیستەکان لە پێشکەوتنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووی لە زیادبوون کردووە و بۆ ڕێگری لە بەئەنجام گەیشتنی دانوستانەکانی ڤیەننا پەنا بۆ هەر هەوڵ و پیلانگێڕییەک دەبات. ڕژێمی تەل ئەبیب بە ناچار بۆ کەمکردنەوەی ئەم ترس و نیگەرانییە، هەوڵی پێشوەختەی هەیە و هێرشەکانی بۆ سەر سوریا وەک دڵی بەرەی خۆڕاگری زیاتر کردووە.
ڕژێمی زایۆنیستی کە پێشتر هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق، ئەمجارەش هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی حەلەب. لەم نێوەندەدا چەشنێک لە هاوئاهەنگی و هاوکاری لە نێوان تورکیا و ڕژێمی زایۆنیستیدا هەیە. تورکیا هەوڵ دەدات ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و چاوی خستووەتە سەر داگیرکردنی حەلەب، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئەم شارەش هاوئاهەنگییەکەی نێوان ئەنکەرە و تەل ئەبیب بە ئامانجی لاوازکردنی دەسەڵاتی سوریا پیشان دەدات./.