سەید مالک هاشمی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ دەزگای میدیایی جام کوردی سەبارەت بە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارە پیرۆزەکانی کەربەلا و نەجەف لە عێراق، وتی: یەکەم جارە کە زیارەتکاری ئێرانی لە ڕێگای سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی شارە پیرۆزەکانی عێراق دەکات، ئەم حەماسەتە گەورەیە کە یەکەم جارە ڕوو دەدات لە ئەنجامی ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتنی نێوان وەزیرانی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراقە کە زیارەتکار بتوانێت لە ڕێگای خاکی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بکات.
ناوبراو وتی: لەم ماوەیەدا زیاتر لە 50 هەزار زیارەتکار لە ڕێگای سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتنە خاکی عێراق.
هاشمی وتی: ئەوانەی کە لە ڕێگای دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئۆتۆمبێلی گواستنەوەیان بۆ دابین کراوە و سەردانی هەولێر دەکەن و لەو ناوەندەی کە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەوان ئامادە کراوە پشوویەک وەردەگرن، ناوەندەکەش ئەنجامی هاوکاری هاوبەشی دەزگای خێرخوازی بارزانی و دەزگاکانی پەیوەندیدار لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە، برایانی سوننە و شێعە پێکەوە خزمەتگوزاری بە زیارەتکاران پێشکەش دەکەن.
بەرپرسی کاروباری ڕۆشنبیری لە کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر وتی: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هاوکارییەکی زۆر باشیان لە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی هەبووە و پێویستە کە سوپاس و پێزانینی خۆمان بەو بەڕێزانە ڕابگەێنین، ئەرک و ماندوبوونیان هەبووە، لە بواری دابینکردنی ئۆتۆمبێل و گواستنەوە، نیشتەجێکردن و پاراستنی ئاسایشی زیارەتکاران، هەموویان هاوکارییان کردووە و حەماسەتێکی گەورەیان خوڵقاندووە کە بۆ یەکەم جار زیارەتکاری ئێرانی خاکی هەرێمی کوردستانی بۆ گەیشتن بە شارە پیرۆزەکانی عێراق بەکار هێناوە.
ناوبراو وتی: دوو ڕۆژی ڕابردووش بەرنامەی هەڵکردنی ئاڵای گومەزەی پیرۆزی ئیمام حوسێن (ع) لە ناوەندی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە زیارەتکاران لە شاری هەولێر جێبەجێ کرا کە ئەمەش کەشێکی عێرفانیی تایبەتی لە نێو زیارەتکاران هێنایە پێشەوە.
وتیشی کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 50 ەهزار زیارەتکاریش بۆ گەڕانەوەیان دەروازەی سنوریی حاجی ئۆمەران هەڵبژێرن و بۆ ئەمەش ئامادەیی تەواو و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەوان هەیە./.