شێخ وەهاب بەرزنجی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕۆشنبیری کەسنەزانی، لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری دەزگای میدیایی جام کوردی سەبارەت بە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا، وتی: ئێمە وەک تەریقەتی قادری کەسنەزانی، هەموو موریدان و خۆشەویستان، گوێڕایەڵی جەنابی شێخ شەمسەدین محەممەد نەهرۆ کەسنەزانین کە سەرۆکی تەریقەتی باڵای کەسنەزانین لە جیهان. بۆ ئەم ڕێوڕەسمەی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) و هاتنی زیارەتکاران لە ڕێگای خاکی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو شارە پیرۆزەکانی عێراق ئێرە هەڵبژێردراوە و شێخی تەریقەتیش ڕێنمایی تەواویان سەبارەت بە پتەوکردنی گیانی برایەتی و تەبایی لە نێو موسڵمانان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە زیارەتکاران داوە، بۆ ئەمەش ئیدارەی تەکیەی کەسنەزانی شەو و ڕۆژ لە کارکردنی بەردەوامدان بۆ خزمەتکردنی ئەو میوانانە.
ناوبراو وتی: ئامانجی ئێمە وەک تەریقەتی کەسنەزانی، یەکڕیزی، یەکگرتوویی، یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی جیهانی ئیسلامە و شێخی تەریقەتی کەسنەزانیش چەترێکی فراوان و گەورەیە بۆ هەموو موسڵمانان بە تێکڕای مەزهەب و پێکهاتە و دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانەوە و بەڵێنمان داوە کە لە تەریقەتی کەسنەزانی خزمەتی هەموو مرۆڤێک بکەین.
ئەو کەسایەتییە ئائینییەی هەرێمی کوردستان وتی: ئۆممەی ئیسلامی لە بنەڕەتدا یەک پارچە و یەک دەنگە، لە بەر ئەوەی کە هەموومان یەک خودا، یەک قورئان، یەک پێغەمبەر و یەک ڕووگەمان هەیە، بوونی مەزهەبی سوننە و شێعەش بە مانای نەبوونی یەکگرتوویی ئیسلامی نییە و ئێمەش وەک تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە سەر بنەما سەرەکییەکانی وەک یەکڕیزی و برایەتی و تەبایی نێو موسڵمانان کار دەکەین و خزمەتکردنی مرۆڤەکان بە بێ جیاوازی بە بنەمایەکی سەرەکیی خۆمان دەزانین./.