بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمساڵ کە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان (حاجی ئۆمەران و باشماخ) بە ڕووی زیارەتکارانی ئێرانیی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) کراوەتەوە، دیمەنێکی بێ وێنەی تەبایی و برایەتی نێوان گەلانی ئێران و هەرێمی کوردستان و موسڵمانان بە گشتی بینرا، ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە زیارەتکارانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت هەڵگری دوو پەیامی گرنگە: یەکەم ئەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێرانییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی مێژووییە و بەردەوام ڕووی لە گەشەسەندنە و هیچ دەستێکی تێکدەر ناتوانێت زیان بەم پەیوەندییانە بگەێنێت. دووەم ئەوەی کە پێشوازیکردنی زیارەتکارانی ئێرانی لە لایەن موسڵمانانی سوننەوە، سەلمێنەری یەکڕیزی و یەکگرتوویی موسڵمانانە و ئەمەش بە گەورەترین چەکی ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنان و پیلانگێڕان دادەنرێت.
لەم دیمەنە جوانەی تەبایی و برایەتی نێوان ئێرانییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵ و هاوکارییەکانی تەکیەی قادری کەسنەزانی گرنگ و کاریگەر بووە، ئەو دیمەنانەی کە لای زیارەتکارانی ئێرانی بە یادگار دەمێنێتەوە و قەد لە بیر ناکرێت، هەەنگاوێک کە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی هێناوەتە پێشەوە و بە دڵنیاییەوە لاپەڕە زێڕینەکانی قەد لەبیر ناکرێت.
پەیامنێری جام کوردی ڕا و بۆچوونی ژمارەیەک لە زیارەتکارانی ئێرانیی لەم بوارەدا وەرگرتووە، ئەوان پێشوازی گەرمی تەکیەی کەسنەزانی و خزمەتگوزارییەکانیان بەرز نرخاند و جەختیان لە سەر بەردەوامبوون و پەرەپێدانی ئەم برایەتی و تەباییە کردەوە.
مەعسومە ڕوزبەهانی لە تاران:
ئێمە لە ڕێگای دەروازەی سنوریی باشماخەوە هاتووینەتە سلێمانی، بە ئاسانی هاتووین، لە سەر سنور هیچ ماتەڵییەک نەبووە و بە ئاسانی گەیشتووینەتە سلێمانی، لە تەکیەی کەسنەزانی بە گەرمی پێشوازیمان لێکرا، خزمەتگوزارییەکی باش و فراوان، هەموو شتێک بە باشی لێرە دابین کراوە و دەستخۆشییان لێدەکەین.
ئەحمەدی لە تاران:
ئێمە لە کەربەلاوە بۆ سلێمانی گەڕاوینەتەوە، بەراورد بە ناوچە عەرەب نشینەکان لێرە باشترین پێشوازی و خزمەتگوزاریمان بینیوە، کرێی هاتووچۆ باش بووە، لە تەکیەی کەسنەزانی ڕێزمان لێگیراوە و دەبێت سوپاسی ئەم برادەرانە بکەین.
ڕەزا عەبدی لە کەرەج:
بە پێویستی دەزانم بە بۆنەی ئەم پێشوازییە گەرمە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانەوە سوپاسی تەکیەی کەسنەزانی بکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ بخوازم.
نیلوفەڕ ئێران دۆست لە تاران:
ئێمە بە تێکڕای خێزانەکەمان هاتووین، ئەمساڵ سنوری مەریوانمان بۆ گەیشتن بە کەربەلای پیرۆز هەڵبژارد، ئەوەی کە بینیمان زۆر جیاوازە، خزمەتی باش، دابینکردنی پێداویستییەکان، پشوومان وەرگرت و درێژە بە ڕێگاکەمان دەدەین، دەستخۆشی لە هەمووان دەکەین.
عەلیڕەزا پەناهی لە هەمەدان:
بە ڕاستی کە لە ڕێگای باشماخەوە بە ئاسانی گەیشتینە سلێمانی، شارێکی جوان و خەڵکانێکی باش، لەم تەکیەش خزمەتگوزاری باشمان پێشکەش کراوە، ئەمە شیاوی سوپاس و پێزانینە.
ئەکرەم ئیبراهیمی لە هەمەدان:
سەردانیکردنی کەربەلای پیرۆز لە ڕێگای هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانییەوە ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ ئێمە، بە ڕاستی کە بووە ئەزموونێکی شیرین و بە پێشوازی گەرمی برایانی سوننەوە لە بیرەوەرییەکانی ئێمەدا دەمێنێتەوە.
نوروڵڵاهی لە تاران:
هیچ ماندوبوون و ماتەڵییەک لە سنوری باشماخ نەبوو و لە سلێمانیش لە تەکیەی کەسنەزانی خزمەتگوزاری باش پێشکەشمان کرا، دەستیان خۆش بێت هیوادارین بتوانین قەرەبووی بکەینەوە بەڵام برایەتیمان بۆ هەمیشە بە بەهێزی دەمێنێتەوە.
عەباس ئەحمەدوەند لە نەهاوەند:
سوپاسی یەک بە یەکی برایان تەکیەی کەسنەزانی دەکەین، هیوادارین تەمەن درێژ و تەندرووست بن و خوای گەورە پاداشتی چاکەیان بداتەوە.
نادری لە ئیسلام شار:
بە بۆنەی ئەم خزمەتگوزارییانەوە سوپاسی برادەرانی تەکیەی کەسنەزانی دەکەم، ئەوان ئەرکی ئیسلامی و برایەتی خۆیان بە باشی بە جێ هێناوە.
تورەج محەممەدی لە تاران:
هیچ کێشە و گرفتێکمان لە هاتنمان بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە و بە ئاسانی گەیشتینە کەربەلا و ئێستاش بۆ گەڕانەوە دیسانەوە لە سلێمانین و لە تەکیەی کەسنەزانی پشوویەک وەردەگرین، سوپاسی ئەم هەموو چاکەیان دەکەین و داوا لە خودای گەورە دەکەین پاداشتی چاکەیان بداتەوە.
بێگومان زیارەتی ئەمساڵی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) بەم برایەتییەی نێوان شێعە و سوننە لە لاپەڕەکانی کتێبی یەکڕیزی ئیسلامیدا دەمێنێتەوە، ناوی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی و تەکیەی قادریش لای زیارەتکارانی ئێرانی هەر درەوشاوەیە./.