بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجومەنی جیهانی گەشت و گەشتیاری 20 وڵاتی لە ڕووی گەورەیی پیشەسازی گەشتیاریی خۆیانەوە لە ساڵی 2021 دەستنیشان کردووە.
ئەنجومەنەکە خەمڵاندنی بۆ کاریگەرییەکانی پیشەسازی گەشتیاری وڵاتانی جیهان لە سەر وەبەرهێنانی ناوخۆیی و داهاتی ئەوانەوە کردووە و ئێرانی لە سەروی سویسراوە لە پلەی نۆزدەیەمی جیهان داناوە.
لە ڕاپۆرتێکی ئەو ئەنجومەنەدا هاتووە کە بەهای پیشەسازی گەشتیاریی ئێران لە ساڵی 2021 بە ڕێژەی 48 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە کە زیاترە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان، بەدەر لەو 18 وڵاتەی کە پلەکانی سەرویان بە دەست هێناوە.
ئەمریکا بە پیشەسازی گەشتیاریی 1271 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکەوە ناوی هاتووە. چین بە 814 ملیار دۆلار و ئەڵمانیا بە 251 ملیار دۆلار لە پلەکانی دووەم و سێهەمدان. وڵاتانی ژاپۆن، ئیتالیا، هیندستان، فەرەنسا، مەکزیک، بەریتانیا، ئیسپانیا، بەرازیل، کەنەدا، ئۆسترالیا، هۆڵەندا، ڕووسیا، تورکیا، سعوودیە و کۆریای باشور لە پلەکانی چوارەم یا هەژدەیەمدان. بەهای پیشەسازی گەشتیاریی کۆریای باشور کە یەک پلە لە سەروی ئێراندایە، 48 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.
سویسرا بە پیشەسازی گەشتیاریی 44 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری یەک پلە لە خوارەوەی ئێران و لە پلەی 20 ی جیهاندایە. ئێران لە ساڵانی 2019 و 2020 لە ڕیزی 20 وڵاتی یەکەمی جیهان لە ڕووی گەشتیارییەوە نەبووە.
ئەنجومەنی جیهانی گەشت و گەشتیاری لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی خۆی، ڕێژەی تێچووی گەشتیارانی ناوخۆیی هەر وڵاتی باس کردووە و ئێرانی لە پلەی شانزەیەم داناوە. بە پێی خەمڵاندنی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە، گەشتیارانی ئێرانی لە ساڵی 2021 زیاتر لە 33 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار لە وڵاتی خۆیان پارەیان بە کار هێناوە کە ئەمەش زیاترە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان بەدەر لە وڵاتانی ئەمریکا، چین، ئەڵمانیا، هیندستان، ژاپۆن، مەکزیک، بەریتانیا، ئیتالیا، فەرەنسا، بەرازیل، کەنەدا، هۆڵەندا، ئیسپانیا، ئۆسترالیا و ڕووسیا.
ئێران لە ساڵی 2019 لە پلەی حەفدەیەمی ئەم ڕیزبەندییەدا بووە کە لە ساڵی 2021 یەک پلە پێگەی بەرز بووەتەوە.
ڕێژەی تێچووی گەشتیارانی ناوخۆیی ئەمریکا لە ساڵی 2021 زیاتر لە 731 ملیار دۆلار بووە، ئەم ڕێژەیەش لە چین 458 ملیار و لە ئەڵمانیا 212 ملیار دۆلار بووە./.