بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ پێنج شەممە 22 ی ئەیلولی 2022، لە نمایشە سەربازییە مەزنەکەی تاران بە بۆنەی ساڵیادی دەستپێکردنی ساڵیادی شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵەی سەدامی لەناوچوو لە دژی گەلی ئێران، بەرەڤانی پیرۆزی بە سەرەتای ژیانی نوێی گەلی ئێران ناو برد و وتی: شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕۆڵی گەورەی لە هاوکێشەکانی ناوچەکە و جیهاندا هەیە و ئەم ڕۆڵ و کاریگەرییەش بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە.
ناوبراو وتی: گەلی ئێران ئەوەی سەلماندووە کە ئاشتیخوازە و هێزە سەربازییەکەی تەنیا لە پێناو بەرگرییە، ئەم هێزە بەرگرییەش بەستێنی پێشکەوتنی هەمەلایەنەی وڵاتی دابین کردووە و ئەمەش قەرزداری حەماسەتی خۆڕاگری و ئامادەبوونی ڕۆڵەکانی گەلە لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان.
باقری بە ئاماژە بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان وتی: وەک چۆن کە بەردەوام ئەوەمان ڕاگەیاندووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە سنورەکانی ناوچەکە قبووڵکراو نییە و ئامۆژگاری هەر دوو وڵاتیش دەکەین کە کێشەکانی خۆیان بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکەن، ئێمە شەڕ و پێکدادان بە گونجاو نازانین و لە بەرامبەریدا بێدەنگ نابین.
محەممەد باقری هەروەها داوای لە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارسیش کرد کە ئاگاداری پیلانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بن و وتی: بوونی زایۆنیستەکان لە ناوچەکە تێکدەری ئاسایش و سەقامگیرییە و بە وردی لە ڕووی هەواڵگرییەوە چاودێری هەر جموجوڵێک دەکرێت و ئەگەر هەست بە هەڕەشەیەک لە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین لە یەک کاتدا ڕوبەڕوی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەو وڵاتانەش دەبینەوە کە پاڵپشتی لەو ڕژێمە دەکەن.
ناوبراو وتی: ئێمە داوای ناوچەیەکی بێ هەڕەشە و پڕ لە هاوکاری و دۆستایەتی لە ڕۆژئاوای ئاسیا دەکەین، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەڕەشەن لە سەر ئاسایشی ناوچەکە و هیوادارین داهاتوویەکی بێ ئەم هەڕەشانەمان هەبێت./.