بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەهار و هاوین باشترین وەرزەکانی سەردانیکردنی ئەسفەهانی ئێرانە کە لە مێژوودا بە نیوەی جیهان ناوبانگی دەرکردووە، بەڵام لە وەرزی پاییزیشدا کەم نین ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەم شارە جوانە دەکەن.
ئەم شارە هێندە دەوڵەمەندە بە ئاسەوارە مێژووییەکان و شوێنە گەشتیارییەکان کە لە وەرزی پاییزیشدا گەشتیاران دەتوانن چێژ لە سەردانەکەیان وەربگرن.
بە پێچەوانەی بۆچوونی هەندێک کەسەوە، ساڵانە و لە وەرزەکانی پاییز و زستانیشدا ئەسفەهان کۆمەڵە گەشتیارێک بە خۆوە دەبینێت، ئەگەر بتانەوێت سەردانی ئەم شارە بکەن ڕوبەڕوی کۆمەڵە شوێنێکی گەشتیاری دەبنەوە کە ناوبانگی زۆریان هەیە.
مۆزەخانەکانی ئەسفەهان:
لە وەرزی سەرمادا بەسەرکردنەوەی مۆزەخانەکان بژاردەیەکی باشە بۆ ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەسفەهان دەکەن. لە ئەسفەهان کۆمەڵە مۆزەخانەیەکی دڵڕفێن هەیە. مۆزەخانەکان لەم شارەدا وەک یەکێک لە گرنگترین ئاسەوارە مێژوویی و گەشتیارییەکان هەژمار دەکرێن. لە گرنگترینی مۆزەخانەکانی ئەسفەهان دەتوانین ئاماژە بە مۆزەخانەی کۆشکی چل ئەستوون، مۆزەخانەی کەنیسەی وانک، مۆزەخانەی ڕەکیب خانە، مۆزەخانەی مرۆیی، مۆزەخانەی هونەرەکانی سەردەم، خانووی مەشروتیەت، مۆزەخانەی مۆسیقا و …. بدەین. هەر یەک لەمانەش هەڵگری تایبەتمەندی خۆیانن.
خوێندنگەی چوارباخ:
لە شوێنە گەشتیارییەکانی دیکەی ئەسفەهان دەتوانین ئاماژە بە خوێندنگەی چوارباخ بدەین کە وەک خوێندنگەی سوڵتانی یان خوێندنگەی دایکی شا ناوی دەرکردووە. ئەم بینایە مێژووەکەی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە و وەک بینایەکی گەورە و زۆر گرنگ دادەنرێت. لە ڕووی بیناسازییەوە ئەم خوێندنگەیە زۆر گرنگە.
لەم شوێنەدا کتێبخانە، کاروانسەرا و باخەکان بوونیان هەیە. بە هۆی ئەوەی کە ئەم شوێنە سەرپۆشراوە و ئیمکانیاتی تایبەتی هەیە، باشترین شوێنە بۆ گەشتیاران لە وەرزی سەرمادا. زۆربەی گەشتیارانی ئەسفەهان لە وەرزەکانی پاییز و زستان ئەم شوێنە بەسەردەکەنەوە.
خانووی سەفەوییەکان:
خانووی سەفەوییەکانیش یەک لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەسفەهانە بۆ وەرزی سەرما کە لە ئێراندا وەک شوێنێکی مێژوویی و میراتێکی نیشتمانی سەیر دەکرێت. لەم شوێنەدا کۆمەڵە ئاسەوارێکی هونەری مێژوویی دەبینرێت کە سرنجی هەر گەشتیارێک ڕادەکێشێت، بە تایبەت ڕێستورانتەکان کە هێشتا داب و نەریتی کۆنیان لەبیر نەکردووە.
ئاو دەرمانی:
لە گوندی وەرتون سەر بە پارێزگای ئەسفەهان کانیاوێکی ئاوی گەرم بوونی هەیە و لە ڕووی تەندرووستییەوە تایبەتمەندی خۆیی هەیە و ڕۆژانە بە تایبەت لە وەرزی سەرمادا خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن. ئەم کانیاوە لە مێژەوە و لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە ناوبانگی هەبووە. لەم شوێنەدا سەرجەم پێداویستییەکان بۆ کەڵک وەرگرن و مانەوەی گەشتیاران لە بەرچاو گیراوە./.