بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە میانەی وتارێکی لە شاری پاکدەشت و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو شارە، وتی: دوژمن چاوی بە ڕووی ڕاستییەکاندا داخستووە و ئەمەش هەڵەیەکی ستراتیژییە و سیاسەتی گەمارۆکانی لە دژی گەلی ئێران شکستی هێناوە.
ناوبراو وتی: سیاسەتی ناسەقامگیرکردنی ئێران لە لایەن دوژمنانەوە، شکستی هێناوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی: دوژمن ڕێگریی لەوە دەکرد کە ئێران نەوتەکەی بفرۆشێت بەڵام ئەوەمان کرد، دوژمن ڕایدەگەیاند کە ئێران نابێت لە ناوچەکە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەبێت و پشکی لە ئابوریی ناوچەکەدا هەبێت بەڵام ئێمە ئەم پشکەمان بەرز کردەوە، هەورەها دوژمن هەوڵی پەراوێزخستنی ئێرانی دەدا بەڵام دەرفەتی ئەوەی پێنەدرا.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: دوژمن لە ڕێگای ئاژاوەگێڕییەکانەوە هەوڵی ئەوەی دەدا ڕێگری لە پێشکەوتنی ئێران بکات بەڵام ئەو هەوڵەشی شکستی هێناو و پێشکەوتنەکان بە خێراییەکی زیاترەوە بەرەوپێش دەبرێن./.