بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە گرنگترین سوودەکانی خواردنی سرکەی سێو دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بدەین:
یەکەم: کەمبوونەوەی حەزی خواردن
یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی سرکەی سێو بە تایبەت بۆ ژنان بریتییە لەوەی هەستکردن بە برسێتی و حەزکردن لە خواردن کەم دەکاتەوە. هەروەها سرکەی سێو بەوە ناسراوە کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کێشی جەستە، لە بەر ئەوەی کە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمخۆری و هەستکردن بە تێربوون بۆ ماوەیەکی زۆر پاش خواردنەوەی.
دووەم: کەمکردنەوەی حەزکردن لە خواردنی شیرینی
لە گەڵ ئەوەی بە هۆی خواردنەوەی سرکەی سێو بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە تێربوون دەکەیت، هەروەها واش دەکات حەزی زۆر بۆ خواردنی شیرینی نەمێنێت.
سێهەم: تەندرووستی دڵ بەهێز دەکات
بە هۆی خواردنەوەی سرکەی سێو ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێن و مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشی کەمتر دەبێتەوە، لە بەر ئەوەی کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی چەوری کە دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
چوارەم: لە کێشەکانی گەدە دەتپارێزێت
خواردنەوەی سرکەی سێو بە شێوەیەکی بەردەوام دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوەی کرداری هەرسکردن و ڕێگاگرتن لە دروستبوونی هەر کێشەیەک لە گەدە وەک قورس هەرسبوون.
پێنجەم: ڕێژەی شەکر لە خوێندا کەمدەکاتەوە
سرکەی سێو توانای ئەنسۆلین لە کەمکردنەوەی زیاتری ڕێژەی شەکر زیاد دەکات، بۆیە هێندە بەسە ڕۆژانە بڕێکی دیاریکراو لە سرکەی سێو بخۆیتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا. هەروەها سرکەی سێو بەشداریی کارا لە بەرگریکردن لە توشبوون بە نەخۆشیی شەکرە دەکات لای ئەو کەسانەی کە ئەو مەترسییەیان لە سەرە.
شەشەم: زیاتر سوود لە خواردن وەردەگریت
سرکەی سێو یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ وەرگرتنی مادە خۆراکییە سوودبەخشەکان بە شێوەیەکی باشتر وەک کالسیۆم و ئاسن. هەروەها بەهۆیەوە جەستە تەندرووستی باشترە و وزەیش زیاتر دەبێت، لە گەڵ ئەوەشدا بەرگری جەستە بەهێزتر دەکات.
حەوتەم: بۆنی ناخۆشی دەم کەمدەکاتەوە
سرکەی سێو نابێتە جێگرەوەی شۆردنی دەم و ددان بەڵام ڕۆژانە خواردنەوەی دوای دەم و ددان شۆردن و پاککردنەوەی یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی بۆنی ناخۆشی دەم.
هەشتەم: مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە
چەند توێژینەوەیەک دەریانخستووە سرکەی سێو توانای زاڵبوون بە سەر خانەکانی شێرپەنجەی هەیە، ئەویش بە هۆی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان مادەکاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەرفەتی توشبوون بە نەخۆشی شیرپەنجە.
نۆیەم: لە بەکتریا زیانبەخشەکان دەتپارێزێت
بە پێی توێژینەوەکان سرکەی سێو ڕێگا لە گەشەکردنی بەکتریا زیانبەخشەکان لە نێو گەدە دەگرێت، بەکتریاکان بە هۆی خواردنەوە دەچنە جەستەی مرۆڤەوە، خواردنەوەی سرکەی سێو دەبێتە هۆی پاککردنەوەی گەدە و ڕیخۆڵە لەو بەکتریا زیانبەخشانە./.